یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دراوەتە لیژنە تایبەتەکان

رووداو-هەولێر

دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە پەرلەمان کرد پەلە بکەن لە پەسەندکردنی یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بە ئامانجی گشتپرسی لە باشووری کوردستان، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "یاساکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و نێردراوە بۆ لیژنە تایبەتەکان".

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان باسی لەوە کرد کە "ئەمڕۆ لە کاژێر 10 سەرلەبەیانی دانیشتنی ئاسایی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت و درێژەپێدانی گفتوگۆکردنە لەسەر پرۆژە یاسای رێکخستنی یاسای خۆپێشاندانی یاسایی ژمارە 11 ساڵی 2010."

سەبارەت بە یاسای کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و چۆنێتی باسکردنی لە پەرلەمان، فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمە پێشتر یاسایەکمان هەبوو کە یاسای دەستەی هەڵبژاردن و راپرسی بوو و خوێندنەوەی یەکەممان بۆ کردبوو، ئێستا پڕۆژەیاسایەکی دیکە پێشکەش کراوە بە ناوی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، کە رۆژی دووشەممە خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەویش کرا و بە هەردووکیان دەبێت ئەو کۆمیسیۆنە پێکبێت."

هەروەها ئەوەشی گوت "دەبێت لیژنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بەو یاسایە کە لیژنەی یاسایی، ناوخۆ و مافی مرۆڤن راپۆرتی خۆیان دەربارەی پڕۆژەکە بنووسنەوە بۆ جارێکی دیکە و دواتر دەیدەنەوە بە پەرلەمان، ماوەکەشی دە رۆژە و دەمانەوێت لە مانگی رەمەزاندا ئەو پڕۆژە یاسایە پەسەند بکەین."

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان باسی لە گرنگی ئەو یاسایە کرد بۆ پەرلەمان و رایگەیاند "لە ئەجێندای دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستاندایە، کە یاسای کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، یاسای خۆپیشاندان و یاسای بودجەی ئەحزاب پەسەند بکەین، ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆبوونەوەکانی مانگی رەمەزانی پەرلەمان زۆر چڕوپڕتر و درێژ مەوداتر بەڕێوە دەچێت و هیوادارین لەو ماوەیەدا ئەو یاسایانە پەسەند بکرێن ."