قوباد تاڵەبانی پڕۆژەیەک لە راپەڕین دەکاتەوە و بەردی بناخەی ژمارەیەک پڕۆژەش دادەنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

قوباد تاڵەبانی سەردانی دەڤەری راپەڕین دەکات و بڕیارە پڕۆژەیەک بکاتەوە و بەردی بناخەی ژمارەیەک پڕۆژەیش دابنێت.
 
نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی حوزەیرانی 2024 قوباد تاڵەبانی سەردانی دەڤەری راپەڕین دەکات و پڕۆژەیەک دەکاتەوە و بەردی بناخەی ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە دادەنێت.
 
نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەوەشی روونکردووەتەوە کە لە سەردانەکەیدا قوباد تاڵەبانی ژمارەیەک پڕۆژە بەسەردەکاتەوە، ئەوەش جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومی، حیزبی و ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی دەڤەرەکە.
 
حوسێن مەحموود، قایمقامی رانیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، جێگری سەرۆکی حکومەت سەردانی زۆر پڕۆژە دەکات، وەکو پڕۆژەی دوو سایدی رانیە.
 
ئیدارەی راپەڕین یەکێکە لە ئیدارە سەربەخۆکانی پارێزگای سلێمانی، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە رۆژی 2ـی ئایاری 2011 بریاری پێکهێنانی درا و لە 1ـی ئاداری 2012دا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە فەرمانی هەرێمیی ژمارە 57 سەرپەرشتیاری بۆ ئیدارەی راپەرین دەستنیشان كرد.