لەگەڵ رەنج؛ زیاتر لە 250 هەزار خێزانی کرێنشین لە هەرێمی کوردستان هەن

09-06-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەت بڕیاریداوە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و خەڵکی کەمدەرامەت دروست بکات، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێت، زەوی بۆ پڕۆژەکە تەرخان کراوە، بەڵام وەبەرهێنەران بەو نرخەی بۆ دروستکردنی یەکەکان دانراوە، رازی نین و ئامادە نین بەو نرخە یەکەی نیشتەجێبوون دروستبکەن. 
 
بەرهەم قەرەداخی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستانیش حکومەت بە کەمتەرخەم دەزانێت و پێیوایە، "کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە دەستی سەرۆکی حکومەتدایە."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022دا بڕیاریدا 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستبکرێن و بدرێنە خەڵکی کرێنشین و کەمدەرامەت. بڕیارە ئەم یەکانەی نیشتەجێبوون لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و ئیدارە سەربەخۆکان و لە رێگەی وەبەرهێنانەوە دروستبکرێن.
 
دواتر لە 8ـی ئابی 2023 بە بڕیاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە رێگەی ئۆنلاینەوە پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمی یەکەکانی نیشتەجێبوون، بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان راگەیێندرا، کە لە قۆناخی یەکەمیدا زیاتر لە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونن.
 
 
رۆژی 28-2-2023، بەرهەم قەرەداخی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج راگەیاند، "ژمارەی کرێنشینان رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات، بەگوێرەی نووسراوێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 250 هەزار خێزانی کرێنشین لە هەرێمی کوردستان هەن، کە نزیکەی 25٪ـی دانیشتووان دەکات."
 
رۆژی یەکشەممە، 9ی حوزەیرانی 2024، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، محەممەد جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی، بەرهەم قەرەداخی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان، میران کامیل، وەبەرهێنەر، دڵشاد عەبدولواحید، خاوەنی كۆمپانیایەكی كڕین ‌و فرۆشتنی ‏‏‏خانووبەرە و چەندین هاونیشتمانیی کرێنشین، چارەنووسی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی تایبەت بە کرێنشینان و خەڵکی کەمدەرامەت، کێشەکانی کرێنشینان و رێگەکانی چارەسەرکردنی تاوتوێکرا.
 
یەکێک لە کرێنشینان باس لە گوزەرانی سەختی کرێنشینان دەکات و دەڵێت، "بەڵێن دەدەن و هیچ ناکرێت. رۆژ بە رۆژ کرێچی ژیانی قۆرس دەبێت، مووچە نەماوە، ژیان نەماوە. ئەگەر کەسێک نەخۆشێک یان کەم ئەندامێکی هەبێت، دوو سێ هێندە ژیانی سەختترە، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەین ئاوڕێکمان لێ بداتەوە."
 
کەسێکی دیکە دەڵێت، خۆی و سێ لە کوڕەکانی کڕینشینن و بە تەواوەتی رەشبینە بەرامبەر دۆخی کرێنشینان لە هەرێمی کوردستان. ئەو دەڵێت، هیچ هیوایەکی بە پڕۆژەکان نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کرێنشینەکان لە هەرێمی کوردستان: "لەبەر ئەوەی چەندین جار بەڵێن دراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە."
 
کرێنشینێکی دیکە دەڵێت، 13 ساڵە کرێنشینە، چەندین جار فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوونی تایبەت بە کرێنشینان و خەڵکی کەمداهاتی پڕکردووەتەوە، بەڵام تا ئیستا سوودمەند نەبووە.
 
 
یەکێک لە کرێنشینەکان پێشمەرگەیە و گوتی، 31 ساڵ خزمەتی پێشمەرگایەتی هەیە و سێ منداڵی هەیە، بەڵام تائێستاش خانووی خۆی نییە. باس لەوە دەکات، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە دوو مانگ کرێی خانوو بدات، خاوەن ماڵەکە داوای لێکردووە خانووەکەی بۆ چۆڵبکات.
 
 
کرێنشینیکی دیکە، کرێچیتی وەک "مردن" پێناسە دەکات و دەڵێت، "حەزم لە سەری مانگ نییە، من کرێچیم، کرێکارم و مووچەشم نییە. چەند جارێک لەگەڵ خاوەن خانوو کێشەمان دروستبووە، کاک بەرهەمم (سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان) هێناوەتە سەر خەت، کێشەکەی بۆ چارەسەر کردووم. لە ساڵێکدا پێنج خانوو دەکەم، منداڵەکانمان لە ساڵێکدا پێنج قوتابخانە دەگوڕنەوە. ئەگەر ئارەزوویان لێبێت، بە ئاسانی دەدەنە خەڵک."
 
 
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی باس لەوە دەکات کە دەبێ حکومەت ساڵانە پلانێکی تایبەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بە پێی گەشەی دانیشتووان و کۆمەڵێک پێوەری دیکە ئامادە بکات و بە پێی فۆرم لەسەر هاووڵاتیان دابەش بکات. 
 
عەزیز سەعید رایگەیاند، لە کۆی ئەو یەکە نیشتەجێبووانەی تائێستا لە هەرێمی کوردستان دروستکراون، نرخی زیاتر لە 30 هەزار یەکەیان لە 50 هەزار دۆلار کەمترە، کە خەڵکی کەمداهاتیش توانیویەتی سوودی لێ ببینێت.
 
عەزیز سەعید بەشێکی کێشەی کەمبوونی یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ وەستاندنی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و دەڵێت، لە ساڵی 2012ـەوە تاوەکو ساڵی 2020، بۆ ماوەی هەشت ساڵ بە بڕیار دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون راگیرا، لە ساڵی 2020دا دووبارە بیر لەوە کرا کە یەکەی نیشتەجێبوون دروستبکرێن.
 
دەشڵێت، دوای کردنەوەی دەرگەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، بڕیارێکی دیکە دەرکرا کە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی کرێنشین و کەمداهات دروست بکرێت و جەختی کردەوە، "ئێمە لە یەکەم رۆژەوە کارێکی جیدیمان لەسەر ئەو بابەتە کرد، زەویمان دابین کردووە، وەبەرهێنەریشمان دابین کرد، زەوییەکەش شوێنێکی زۆر باشە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی باس لەوە دەکات، وەبەرهێنەران بەو نرخەی بۆ دروستکردنی یەکەکان دانراوە، رازی نین و دەڵێت، هیچ وەبەرهێنەرێک ئامادە نییە بە نرخی 250 دۆلار بۆ یەک مەتری دووجا و بە قیستی ماوەدرێژی 10-15 ساڵ یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکات، لەبەر ئەوەی پێیانوایە هیچ قازانجێکیان نابێت.
 
 
روونیشیکردەوە، بۆ چوار هەزار یەکەکەی نێو شاری سلێمانی، وەبەرهێنەر ئامادە بووە بە 350 دۆلار بۆ هەر مەترێک دروستی بکات و لەوبارەیەوە نووسراوی بۆ دەستەی وەبەرهێنەران ناردووە، بەڵام ئەوان (دەستەی وەبەرهێنەران) کار لە سەر ئەوە دەکەن پڕۆژەکە بە هاوکاریی بانکەکان جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی بانکەکان پاڵپشتیی دارایی بۆ وەبەرهێنەران دابین بکەن و کۆمەڵێک بانکیش ئامادەییان دەربڕیوە.
 
بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی سیتەک و زڕگوێز تەنیا 33 ملیار دینار پێویستە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی گوتی، دروستکردنی خانوو لە پڕۆژەکانی سیتەک و زڕگوێز لە ساڵی 2014ـەوە تەواو بووە، بەڵام تەنیا 40٪ـی خزمەتگوازییەکانی وەک، ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا  جێبەجێ کراوە و ئەگەر پارەی پێویست بۆ تەواوکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئەو پڕۆژانە دابین بکرێت، لە ماوەیەکی کەمدا تەواو دەکرێن.
 
محەممەد جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی رایگەیاند: "ئەگەر لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پارەمان بۆ دابین بکەن، لە ماوەی حەوت مانگدا پڕۆژەکانی سیتەک و زڕگوێز رادەستی حکومەت دەکەین بۆ ئەوەی دابەش بکرێن. بۆ سیتەک و زڕگوێز کە هەزار و 500 یەکەی نیشتەجێبوونە، 33 ملیار دینارمان پێویستە."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، چەندین جار داوایان لە حکومەت کردووە، پارەی پێویست بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانە دابین بکرێت، "بەڵام هەموو جارێک بە بیانووی نەبوونی نەختینەوە، هیچ بڕە پارەیەک تەرخان نەکراوە." 
 
بەرهەم قەرەداخی رایگەیاند، بڕیارەکە لە سەرەوە بە کەموکورتییەوە دەرکراوە، کاتێک داوا لە وەبەرهێنەران دەکرێت بە چوار هەزار دۆلار شوقەیەک دروست بکەن و پارەی ماوە بە قیست بێت، هیچ وەبەرهێنەرێک ئامادە نییە بەو پارەیە یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکات.
 
قەرەداخی دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بڕیارێک دەردەکات، دەبێ هاوکات بەدواداچوونی بۆ بکات، لیژنەی تایبەتمەند دروست بکات و بوودجەی پێویستیش بۆ جێبەجێکردنی دابین بکات."
 
"تەنیا 0.26٪ـی یەکەکان دراونەتە کەسانەی کەمدەرامەت"
 
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان، مۆڵەت بە دروستکردنی زیاتر لە 230 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دراوە، بەڵام نەیتوانیوە قەیرانەکە چارەسەر بکات: "تائێستا ئەوەی بە کرداری کەمدەرامەت بێت و داهاتی مانگانەی کەم بێت، لە هەرێمی کوردستان تەنیا 564 یەکەی نیشتەجێبوون لە رێگەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە لە کەلانە بۆیان دروستکراوە، واتە لە کۆی گشتی 0.26٪ـی یەکەکان دراوەتە کەسانی کەمدەرامەت بە بێ پێشەکی. بەشێکی زۆری، سەرمایەدار، عەرەبەکان و ئەوانەی دۆخی داراییان باشە، ئەمانە کڕیویانە."
 
 
بەرهەم قەرەداخی پێشنیاز دەکات، حکومەت خۆی پڕۆژە خزمەتگوازییەکانی نێو پڕۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوونی تایبەت بە کرێنشینان و خەڵکی کەمداهات، وەک قوتابخانە، داینگە و ناوەندی تەندروستی دابین بکات، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران بتوانن بە نرخێکی هەرزانتر ئەو یەکانە دروست بکەن.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان، بەشێکی چارەسەرنەبوونی کێشەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ هەموارنەکردنی یاسای ژمارە 7ـی ساڵی 2008ـی تایبەت بە کرێدان و نرخی کرێ لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە و بەشێکی دیکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ زۆربوونی ژمارەی عەرەب لە هەرێمی کوردستان: "ئەمە فشارێکی زۆری خستووەتە سەر کەرتی نیشتەجێبوون و وایکردووە، ئەو یەکانەی دروستدەکرێن بەش نەکەن و کرێ خانووش هەر بە بەرزی بمێنێتەوە."
 
بەرهەم قەرەداخی دەڵێت، بە پێی ئامارە فەرمییەکان ئێستا لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 50 هەزار ئاوارەی عەرەب هەیە و 21٪ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان عەرەبن کە زۆرترینی لە هەولێر نیشتەجێین و سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بە پلەی دواتر دێن.
 
باس لەوەش دەکات، لە ساڵی 2019ـەوە لە رێگەی وەبەرهێنەرێکەوە لە سلێمانی پڕۆژەیەکیان ئامادە کردووە، وەبەرهێنەرەکە ئامادەیە یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکات بە قیستی درێژخایەن بۆ ماوەی 25 ساڵ، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، شارەوانیی سلێمانی و سەرۆکی گشتیی دەستەی وەبەرهێنانیشیان کردووە، بەڵام تا ئێستا بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە هاوکارییان نەکراوە و زەوی بۆ دابین نەکراوە.
 
 
یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2008 رێگرە
 
میران کامیل، وەبەرهێنەر باس لەوە دەکات، هیچ وەبەرهێنەرێک ناتوانێت بەو نرخەی بۆ یەکەکان دانراوە، پرۆژەکە جێبەجێ بکات، هەروەها هیچ بانکێک ئامادە نییە لە دروستکردنی 20 هەزار یەکەکەدا بەشدار بێت، هەتاکو کێشەی مووچە چارەسەر نەبێت.
 
هاوکات عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی باس لە نەبوونی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان دەکات و وەک کێشەیەکی گەورەی لەبەردەم جێبەجێکردنی پرۆژەکە پێناسە دەکات: "ئەگەر ئێمە سیستەمێکی بانکیی تەواومان هەبێت، ئێمە پەنا دەبەینە بەر سیستەمە بانکییەکە، ئەو کاتە حکومەت دەبێت گەرەنتییە بانکییەکە بکات و هێواش بۆ ئەمە هەیە."
 
سەبارەت بە 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، میران کامیل دەڵێت، لە ساڵی 2016ەوە خەریکی پرۆژەکەن، بەڵام یاسای ژمارە 7ـی ساڵی 2008 رێگرییەکی گەورە بووە لە بەردەم جێبەجێکردنی پرۆژەکە. داواش دەکات، یاساکە هەڵبوەشێنریتەوە.
 
ئەو وەبەرهێنەرە رەخنە لە شێوازی مامەڵەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەگەڵ پرۆژەکە و دابەشکردنی فۆرمەکان دەگرێت و دەڵێت، دەبوایا وەزارەت یەکەم جار لەگەڵ بەڵێندەران کۆبوونەوەی کردبا و هەماهەنگیی پێویستی کردبا، دواتر بریاری لە سەر دابەشکردنی فۆرمەکان درابا.
 
بە گوتەی میران کامیل، ئەوەی ئێستا کراوە و ئەو بەڵێنەی بە خەڵکی دراوە، بێ بنەمایە و بەو دۆخەی ئێستا زەحمەتە پرۆژەکە جێبەجێ بکرێت.
 
محەممەد جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانیش دەڵێت، نەبوونی یاسای بوودجە و تەرخان نەکردنی بەشە بوودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، وادەکات کە وەزارەتەکە نەتوانێ ئەرکەکانی راپەرێنێت.
 
 
دڵشاد عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیایەکی کڕین و فرۆشتنی شوقە و خانووبەرە باس لەوە دەکات، لایەنە پەیوەندیدارەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت، کێشەکان دەخەنە ئەستۆی یەکتر و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان نادەنەوە، ئەگەر نا چارەسەرکردنی ئەوەندە قۆرس نییە.
 
دڵشاد عەبدولواحید پێیوایە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و دەستەی وەبەرهێنەران لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی پرۆژەکانی تایبەت بە کرێنشینان و خەڵکی کەمدەرامەت کەمتەرخەمن و دەڵێت، پێویست بوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە سەرەتا کێشەی 9 هەزار یەکەکەی چارەسەر کردبا و دواتر بیر لە پرۆژەیەکی دیکەی نیشتەجێبوون کردبا.
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەی وەبەرهێنان، لە ساڵی 2006ەوە نزیکەی 214 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە رێگەی وەبەرهێنانەوە دروستکراون، کە زیاتر لە 105 هەزار شوقە، زیاتر لە 92 هەزار خانوو و نزیکەی 17 هەزار ڤێلان. بەڵام قەیرانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان هەر ماوە و چارەسەر نەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە