سایلۆکانی دهۆک: زیاتر لە 10 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆکان وەرگیراوە

09-06-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای دهۆک دەڵێت، تائێستا زیاتر لە 10 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە. دەشڵێت، ئەو بڕەی عێراق دیاریکردووە، سەپاندن بووە بەسەر هەرێمی کوردستاندا و 74٪ـی گەنمی پارێزگاکە وەرناگیرێت.
 
نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای دهۆک میوانی بەرنامەی مژار بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە و لە سێ سایلۆ گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت: سایلۆی فایدە، سایلۆی شێخان و سایلۆی زاخۆ.
 
حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2024 بڕیاریدا بڕی 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان جەختی لەوە دەکردەوە دەبێت هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق وەگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی کوردستانیش کراوەبێت.
 
بەگوتەی نازم محەممەد، ئەو بڕەی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنم دیاریکردووە "سەپاندنە و ستەمە لە هەرێمی کوردستان"، چونکە تەنیا لە پارێزگای دهۆک بەگوێرەی خەمڵاندن بەرهەمی گەنم، نزیکەی 718 هەزار تۆن دەبێت؛ بەڵام 189 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەردەگرێت کە رێژەی 26٪ـی گەنمی پارێزگاکە دەکات.
 
لەبارەی ئامادەکاری و پلانی پارێزگاکە، ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لیژنەیەکی باڵا بۆ پرسی وەرگرتنی گەنم پێکهێنراوە، لیژنەکەیان بڕیاردراوە نۆرەی ئۆتۆمبێلی بەردەم سایلۆکان نەمێنێت و وەرگرتنی گەنمەکەیان بەگوێرەی سنوورەکانیان بێت، پێوستە جووتیارانیش لە کشتوکاڵی سنوورەکەیان رەزامەندیی رێژەی پەسەندراوی گەنمەیان بهێننە سایلۆ.
 
پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەردەوامە و ئێستا رۆژانە نزیکەی 70 بارهەڵگر گەنم وەردەگیرێت. نازم محەممەد دەڵیت، لە سێ رۆژی رابردوودا زیاتر لە 10 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە: سایلۆی فایدە 4223 تۆن؛ سایلۆی شێخان 4660 تۆن و سایلۆی زاخۆ 1592 تۆن گەنم وەرگیراون.
 
حکومەتی عێراق بڕی 850 هەزار دیناری بۆ هەر تۆنێک گەنم دیاریکردووە. بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک دەڵێت: "جووتیار پێش ئەوەی گەنم رادەست بکات رێژەی 3٪ـی لێدەبڕێت (2٪ـی بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ، 1٪ـی بۆ وەزارەتی بازرگانی فیدراڵ) واتا نزیکەی 25 هەزار و 500 لە هەر تۆنێک گەنم دەبڕدرێت، پاشان ئەو گەنمە بەگوێرەی پاکوخاوێنی، کێشی جۆری، شکان و رادەی شێداری گەنمەکە نرخەکەی دیاری دەکرێت."
 
لەبارەی خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران، گوتی، "پێش دەسپێکردنی وەرگرتنی گەنم، یەک ملیار و 500 ملیۆن دینارمان بۆ هاتووە، دابەشمان کردووە بەسەر سایلۆکاندا و خەرجکردنی ئەو پارەیە بەگوێرەی ریزبەندیی پسووڵەی وەرگرتنی گەنمە. بڕیارە پارەی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بگات بۆ پارەی گەنمی جووتیاران". 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.