ئاگرەکەی شارباژێڕ هەزار دۆنم زەوی و زیاتر لە 10 هەزار داری سووتاند


رووداو دیجیتاڵ

لە کەرکووک، پردێ، شێراوەی هەولێر، شارباژێڕ، عەربەت و شارەزوور سەتان دۆنم زەوی و دارستان سووتان. زیانی گەورە بەر دارستانەکانی شارباژێڕ کەوت. لە کاژێر 10:00ـی بەیانییەوە گوندنشینان بە چڵەدار هەوڵی کوژاندوەیان دەدا.
 
عەباس ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئیدارەی بنکەی پۆلیسی دارستانی گاپیڵۆن دەڵێت: "هۆکاری ئاگرەکە شوانێک بووە، ویستوویەتی چا لێ بنێت و ئاگری کردووەتەوە، بەڵام بەهۆی رەشەباوە ئاگرەکەی لە کۆنترۆڵ دەرچووە و ئێستا کەسەکە دەستگیرکراوە".
 
شێخ عوسمان مەحموود، ئەنجوومەنی گوندی قەیوانی گەورە گوتی: "داواکارین لە حکومەت هەر گوندێک و چەند ئامێرێکی هەوایی ئاگرکوژێنەوەمان بۆ دابین بکات، بۆئەوەی گوندنشینەکان زوو بتوانن کۆنترۆڵی ئاگرەکان بکەن، چونکە تاوەکو تیمەکان دەگەن ئاگرەکان لە کۆنترۆڵ دەردەچن".
 
بەهۆی رەشەباوە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان ئاسان نەبوو. لە شارباژێڕ جگە لە رەشەبا، مەترسیی تەقینەوەی مین و گولـلە هاوەن، سەختی و فراوانی ناوچەکە هۆکاربوون لەوەی ئاگرەکە زیاتر تەشەنە بستێنێ و سنووری گوندەکانی باڵخ، بایزاوا، کۆڵەرد، کارێزە و قوڵەچاخ بگرێتەوە.
 
دلێر ئیبراهیم، ئەنجوومەنی گوندی قەیوانی بچووک دەڵێت: "ئەم چڵەدارانە زوو زوو گەڵاکەیان لێدەبێتەوە، بەڵام ئامێری هەواکە زۆر باشە".
 
سالار ئەحمەد، گوندنشین باسی لەوە کرد، "هەر زوو کە ئاگرەکەم بینی تراکتۆرێکم هێنا و ئاگربڕێکم بە دەوری زەوی گەنمەکەیا دروستکرد". 
 
پۆلیسی دارستان زیانە سەرەتاییەکانی ئاگرەکەی شارباژێڕ بە سووتانی نزیکەی هەزار دۆنم زەوی و زیانگەیاندن بە نزیکەی 10 هەزار داری سرووشتی و رەز و ترشی ناوچەکە دەخەمڵێنێت.