لە گوندێکی شارەزوور 300 سەر مەڕ و ماڵات سووتان


رووداو دیجیتاڵ

لە زەویوزاری گوندی حاسڵی سەر بە قەزای شارەزوور ئاگرکەوتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 300 سەر مەڕ و ماڵات سووتان و خنکان.
 
سازگار سەلاح، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند، سەرەتا تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتن و بەشی زۆری ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد. دواتر بەهۆی پاشماوەی سووتانەوە دووبارە ئاگرەکە هەڵگیرساوەتەوە. لەوکاتەدا رانێکی 200-300 لە بەرخ، مەڕ و بزن لە شوێنی ئاگرەکە بوونە و سووتاون. 
 
خاوەنی مەڕ و ماڵاتەکە کە دانیشتووی گوندی حاسڵن، تەنانەت بە زەحمەت بەوە رادەگەیەشتن ئاژەڵەکان سەرببڕن و لە مرداربوون رزگاریان بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە کارمەندانی سەربڕخانەی عەربەت و خەڵکیش چووبوون بۆ هاوکارییان. 
 
مەڕ و ماڵاتەکە هی سێ ماڵە و بایی نزیکەی 90 هەزار دۆلارە (9 دەفتەر) . 
 
 
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندی حاسڵ کە یەکێک لە خاوەنی مەڕ و ماڵاتەکە بوو، قسەی بۆ رووداو کرد و رایگەیاند، سەرەتا خەڵکی گوندێکی نزیکیان ئاگرەکەیان بۆ سووتاندنی بووش و پەڵاش کردووەتەوە. ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی: "سەرەتا ئاگرەکە بچووک بوو، بەڵام دواتر بایەکی بەهێز هەڵیکرد و بەهۆیەوە ئاگرەکە لە کۆنترۆڵ دەرچوو. لە ماوەی خولەکێک دوو خولەکدا کیلۆمەتر بۆ دوو کیلۆمەتری دەبڕی. ئاگرەکە هێندە خێرا بوو، هەزار ئاگرکوژێنەوەش بهاتبا دەرەقەتی نەدەهات. شتێک نەبوو لە دەسەڵاتی مرۆڤ بێت".
 
سەبارەت بەو مەڕ و ماڵاتەی کەوتنە نێو ئاگرەکە و سووتاند، ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، تەنانەت شوانەکە بە زۆر رزگاری بوو، خەریک بوو ئەویش بسووتێ. 

 

 
ئەو ئاژەڵانەش کە بەشێکیان سووتاوە یان تەنگەنەفەس بوون، بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە ناتوانن هیچ بخۆن و بخۆنەوە، سییەکانیان وشکبوون. تەنیا دەبێت سەریان ببڕن و گۆشتەکانیان بفرۆشنەوە. 
 
دانیشتووانی گوندەکە و بەتایبەتیش خاوەن مەڕ و ماڵاتەکە دەگریان، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی دەیانگوت رەنجی چەند ساڵەیان لە ماوەی چەند خولەکێکدا رۆیشت. ئەوان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، قەرەبوویان بکاتەوە و باری قورسیان سووک بکات.