سوودانی 500 ملیۆن دیناری دیکە بۆ دەروازەی هەڵەبجە تەرخان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق 500 ملیۆن دیناری دیکە بۆ پرۆژەی دەروازەی هەڵەبجە تەرخان دەکات.
رۆژی پێنجشەممە 14-03-2024 ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی بەبۆنەی 36ـەمـین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، یەک ملیار دینار بە دیاری دەبەخشێتە پارێزگاکە و بۆ دروستکردنی پرۆژەی دەروازەی شاری هەڵەبجە خەرج دەکرێت. ئازاد تۆفیق گوتی، "جگە لە یەک ملیار دینارەکە، 100 گۆڕەری 400 ڤۆڵتی و 250 ڤۆڵتی، هەروەها 10 کیلۆمەتر کێبڵی کارەبا و 400 ستوونی نۆ مەتری و 11 مەتریی کارەباییش دەنێردرێتە هەڵەبجە."
رۆژی یەکشەممە 09-06-2024 چرۆ حەمەشەریف، نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، ئەو ملیار دینارە بەشی تەواوکردنی پرۆژەکەی نەدەکرد، بۆیە ماوەیەک لەمەوبەر داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، پارەی پرۆژەکەیان بۆ زیاد بکات.
چرۆ حەمەشەریف، کە ئەندامی لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسییە لە پەرلەمان گوتی، ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندی پێوەکردوون و پێی راگەیاندوون کە سوودانی رەزامەندیی لەسەر 500 ملیۆن دیناری دیکە داوە بۆ پرۆژەکە، کە بە کۆی گشتی دەکاتە ملیارێک و 500 ملیۆن دیناری دیکە بەم شێوەیە بێ گرفت دەتوانرێت پرۆژەکەی پێ تەواو بکرێت.
پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هاوسنوورە کە بەهۆی جەنگی هەشت ساڵە، ناوچە سنوورییەکانی مینڕێژکراون و ئێستاش قوربانی لێدەکەوێتەوە. ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، ''لە داهاتوویەکی نزیکدا تیمێک بۆ پاککردنەوەی سنوورەکان لە مین، سەردانی هەڵەبجە دەکەن."
رۆژی 16ی ئاداری 1988 شاری هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراقەوە کیمیاباران کرا و لە ئەنجامدا نزیکەی پێنج هەزار هاونیشتمانی شارەکە شەهیدبوون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکە برینداربوون.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 130 هەزار کەسە؛ رووبەرەکەی 1599 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە.