رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت، گومانی گەندەڵی لە کڕینی ئامێر لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک بە بەهای 10 ملیار و 500 ملیۆن دینار هەیە و، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو بابەتە کراوەتەوە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوە گومانی کردووە لە بوونی گەندەڵی لە گرێبەستی کڕینی ئامێری پزیشکی لەلایەن کۆمپانیای گشتیی کڕینی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ تەندروستیی کەرکووک، کە بە بەهای پێنج ملیۆن و 697 هەزار و 870 دۆلارە.
دەستەکە کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووکی کردووە، تێبینی زێدەڕۆیی لە کڕینی ئامێری سیتی سکان کردووە، بە بەهای دوو ملیار و 689 ملیۆن دینار، ئەمەش جگە لە زێدەڕۆیی دیکە.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی کەرکووک سێ گرێبەستی بۆ کڕینی ئامێری تایبەت بە خوێن بە بەهای 96 ملیۆن دینار کردووە، بەڵام لە بنکەی سەرەکی دانەنراون و براونەتە نەخۆشخانەی حەویجە، کە ئەوە رێگەپێدراو نییە، وەک دەستەکە روونیکردووەتەوە.
ئەوانەش سەرەڕای کڕینی 28 ئامێری دیکەی تایبەت بە خوێن و 28 ئامێری پشکنینی رێژەی کەمی خوێن بە بەهای 187 ملیۆن و 610 هەزار دینار کە نرخەکەیان بە زۆر نووسراوە.
سەرچاوەیەک لە تەندروستیی کەرکووک ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە رووداوی گوت "لێکۆڵینەوە چەند مانگێکە لەو بابەتە دەستیپێکردووە و ژمارەیەک فەرمانبەر و بەرپرسیش تۆمەتبارکراون، هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی کەیسەکانەوە نەدراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ