دوو منداڵ لە ناحیەی تەیناڵ لەنێو حەوزێکی ئاودا خنکان

09-06-2023
نزار جەزا
وێنەی دوو منداڵەکە
وێنەی دوو منداڵەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یونس بەهمەن و باهۆز ئەسعەدی تەمەن 10 ساڵ و چوار ساڵان، هەردووکیان ئێوارەی پێنجشەممە لەکاتی یاریکردن کەوتنە نێو حەوزێکەوە و خنکان. 
 
هەردوو منداڵەکە خاڵۆزا و پوورزای یەکدین، پورزاکە لە بازیانەوە بەسەردان چووبووە لای خاڵۆزاکەی لە تەیناڵ، لەوێ بەدەم یاریکردنەوە بەپایسکیلەکەیان لەماڵ دوورکەوتبوونەوە، لەکاتی یاریکردندا کەوتبوونە نێو حەوزێکی ئاو و دوای چەند کاژێرێک تەرمەکانیان دۆزرایەوە.
 
هاوکار نووری، مامی یونس و خاڵی باهۆزە، دەڵێت: ئێوارە بۆ یاریکردن چووبوونە لای باخەکەیان و دواتر دیارنەمابوون، دوای گەڕان بەدوایاندا، لەنێو حەوزێکی ئاودا لە نزیک باخەکە تەرمەکانیان دۆزیونەتەوە. 
 
لە ڤیدیۆکەدا دیمەنی ئەو حەوزی ئاوە دەبینن کە منداڵەکان تێیدا خنکان، بە مەبەستی ئاودێری بۆ پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی دروستکراوە.
 
زانا جەلیل، خاوەنی حەوزەکەیە و ئامۆزای بنەماڵەکەی دیکەیە، ئەو چواردەوری حەوزەکەی گرتووە، تەنیا یەک رێگەی چوون بۆ حەوزەکە هەیە، منداڵەکانیش لەو رێگەیەوە چوونە کە زیاتر لە 10 خولەک لە ماڵی منداڵەکانەوە دوورە.
 
یەکێک لە منداڵەکان لە تەیناڵ بە خاک سپێردرا و ئەوی دیکەشیان برایەوە بۆ سلێمانی و لەوێ بە خاک سپێردرا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە