کارگەی هەریر: دەتوانین رۆژانە 20 تۆن دۆشاوی تەماتە بەرهەمبهێنین

09-06-2021
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن ئێران بۆمبی ئەتۆمی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرپەرشتیاری کارگەی بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتەی هەریر رایدەگەیێنێت، رۆژانە دەتوانن 20 تۆن دۆشاوی تەماتە بەرهەم بهێنن و ئەگەر حکومەت و خەڵكیش هاوکاریان بن دەتوانن بۆ نزیکەی 50 تۆن زیادی بکەن.
 
کامەران دۆسکی، سەرپەرشتیاری کارگەی دۆشاوی هەریر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێمە دەتوانین رۆژانە 100 تۆن تەماتە وەربگرین و ئامادەین کە رۆژانە 20 تۆن دۆشاوی تەماتە بخەینە بازاڕەوە. ئەگەر حکومەت و خەڵک هاوکارمان بن دەتوانین زیادی بکەین بۆ 40-50 تۆن لە رۆژێکدا. بەڵام پێویستمان بە پشتیوانییە، چونکە تێچووەکەی زۆرە، هەر لە کارەبا، گازوایل، کرێکار، ساردکەرەوە و گەلێک شتی دیکە. لەو باوەڕەداین لە هەفتەیەک تا 10 رۆژی دیکەدا بتوانین تەماتە وەربگرین."
 
بەشێکی زۆری جووتیارانی هەرێمی کوردستان ساڵانە تەماتە دەچێنن و گلەیی ئەوە دەکەن کە بەرهەمەکەیان لە بازاڕەکانی ناوخۆدا بەباشی ساخ نابێتەوە.
 
سەرپەرشتیاری کارگەی دۆشاوی هەریر گوتی: "ئێمە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ کۆمەڵێک جووتیاردا کردووە کە خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانن. ئەگەر نرخی تەماتە بەم جۆرە بێت کە ئێستا لە بازاڕدایە، وەرگرتنی بەو نرخە بۆ ئێمە تۆزێک سەختە، چونکە ئەو کاتە بەباشی بۆمان ساخ ناکرێتەوە. بۆیە دەبێت حکومەت هاوکارمان بێت کە بە نرخێکی گونجاو تەماتەکەمان بگاتێ."
 
ساڵانە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی کێشەی ساخنەبوونەوەی بەرهەمی جووتیاران دەبێت. جووتیاران لەوە ناڕازین کە بەرهەمی دەرەکی بە بڕی زۆر هاوردە دەکرێت.
 
کامەران دۆسکی دەڵیت: "ئێمە ئامادەین تەماتەی ناوخۆ وەربگرین. لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵدا لەبارەی چۆنێتیی وەرگرتنی تەماتەی جووتیارانەوە دانیشتووین. تەماتەی دۆشاو لە رووی شێوە و رەنگەوە تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە. جۆرێکی تەماتە هەیە کە دەتوانرێت وەربگیردرێت. ئەو تەماتەیەی بۆ بەکارهێنانی رۆژانەیە، ناتوانین بۆ دۆشاوی تەماتە وەریبگرین. ئێمە ناتوانین کیلۆی تەماتە بە زیاتر لە 200 دینار وەربگرین. جووتیارانیش بە نرخی رۆژ مامەڵەی پێوە دەکەن. ئەوەیش کێشەمان بۆ دروست دەکات."
 
 
کامەران دۆسکی ئاماژەی بەوەیش دا، ئێستا دۆشاوی تەماتەی وڵاتانی دەوروبەر بە کواڵێتیی خراپ و نرخێکی زۆر هەرزان دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان؛ "دەتوانم بڵێم هەر دۆشاوی تەماتە نین، ئەوەندە کوالێتییەکەیان خراپە و ماددەی دیکەیان زۆر تێدا بەکار دەهێنرێت."
 
بە گوتەی سەرپەرشتیاری کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر، ئەو ئاوەتەماتەیەی ئەوان بەرهەمی دەهێنن نرخی هەر قوتوویەکی لە 1600 دینار بۆ 1700 دینار دەبێت. 
 
کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر لە گەورەترین کارگەکانی عێراقە، ساڵی 1979 دروستکراوە و ساڵی 2006 کۆمپانیای دابین کڕیویەتیەوە و گۆڕانکاریی لە ئامێرەکاندا کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە