لە کوێستانەکانی شنۆ شەڕ لەنێوان سوپای پاسداران و گرووپێکی نەناسراو روویدا

09-06-2018
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن رۆژهەڵاتی کوردستان ئێران
A+ A-

رووداو-هەولێر

لە کوێستانەکانی سیاکێوی شنۆ شەڕ لە نێوان گرووپێکی نەناسراو و هێزە ئەمنییەکانی ئێران روویدا. لە شەڕەکەدا بریندار هەن و بۆ نەخۆشخانەی شنۆ گواستراونەتەوە.


سەرچاوە خۆجێیەکان لە شنۆ رایانگەیاند، شەوی رابردوو کاژێر 9:30 خولەک شەڕ لەنێوان گرووپێکی چەکدار لەگەڵ هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچەی سیاکێوی شنۆ لە رۆژهەلاتی کوردستان روویداوە.

بەگوتەی ئەو سەرچاوانە، شەڕەکە ماوەی دوو کاژێر بەردەوام بووە و بەهۆیەوە دەنگی تەقەیەکی زۆر بیستراوە. سەرچاوە خۆجییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، لە شەڕەکەدا بریندار هەن و بۆ نەخۆشخانەی شنۆ گواستراونەتەوە.

محەممەد ساڵح قادری، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێکدادان لە ناوچەی شنۆ روویداوە، بەڵام وردەکاری رووداوەکەیان تاوەکو ئێستا بۆ رووننەبووەتەوە. 

هاوکات خالید وەنەوشە جێگری سیاسی-نیزامی حیزبی دیموکراتی کوردستانیش رەتیکردەوە، کە هیچ پێکدادانێک لەنێوان پێشمەرگەکانی حدک لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی ئێراندا روویدابێت. 

هەفتەی رابردووش پێکدادانێک لە نزیک گوندی بێورانی سەردەشت، لەنزیک سنوورەکانی باشووری کورستان روویدا و بەهۆیەوە دوو ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران کوژران. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە