لەسەر ناردنی داتای هەڵە بۆ بەغدا وەزیری دارایی بەڕێوەبەرێک دووردەخاتەوە

09-05-2024
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
باڵەخانەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان
باڵەخانەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی هەریمی کوردستان گۆڕدرا و بەڕێوەبەری گەنجینەی دهۆک لە شوێنی ئەو دەستبەکار بوو.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی ژمێرکاریی لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان لە پۆستەکەی لادراوە. کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گەنجینەی دهۆک، وەک بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربووە.
 
رووداو زانیویەتی فەرمانی دەستبەکاربوونی کۆڤان تەحسین دەرچووە، ئەمڕۆ لە دهۆک ماڵئاوایی لە فەرمانبەرانی گەنجینەی دهۆک دەبێت و هەفتەی داهاتوو دەوام دەکات.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، محەممەد عەبدولقادر، بەهۆی پێدانی داتا و زانیاریی هەڵە بە بەغدا لەبارەی داهاتی نێوخۆ لە پۆستەکەی لادراوە.
 
لە ماوەی رابردوودا "هەڵە"یەک لە ناردنی زانیاریی لە بارەی داهاتەکانی ناوخۆ بۆ بەغدا روویدا. لەسەر ئەو بنەمایە وەزارەتی دارایی عێراق داوای 905 ملیار دینار داهاتی لە هەرێمی کوردستان کرد.
 
ئەو داوایەى وەزارەتى دارایی عێراق لە نووسراوێکدا بووە، کە 8ى نیسانی 2024 بۆ نوێنەرایەتىی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا نێردراوە و داوا دەکات 905 ملیار و 246 ملیۆن و 194 هەزار دینار وەک داهاتى نانەوتى رادەست بکەن، کە داهاتى مانگەکانی  کانوونى دووەم و شوباتی 2024 بووە.
 
وەزارەتی دارایی عێراق، داوای کردووە، ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر هەژمارى بانکیى تایبەت بەو داهاتە لە بانکى ناوەندى، ژمارەکەش وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە، لەسەر بنەماى نووسراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بووە، کە بە ژمارە (3075) لە رۆژی 28-03-2024 بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە.
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى رووداو دەستى کەوتوون، کێشەى ئەو بڕە پارەیە لەوەدا بووە کە بە "هەڵە" پارەى سپاردەى بانکەکان، قەرزى کارەبا، هاوکاریى هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە لەگەڵى هەژمارکراوە و نێردراوە بۆ بەغدا. بە جیاکردنەوەى ئەو پارانە، داهاتى ئەو دوو مانگە نزیکەى 700 ملیار دینارە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاریی گشتی، سەرپەرشتی نەختینەی گەنجینەی گشتی و چۆنیەتی دەستکاریکردنی بۆ جێبەجێکردنی بودجەی لە ئەستۆدایە. روونکردنەوەکانی ژمێریاریێتی بۆ یەکەکانی کەرتی حکومی کە لە مەرکەزەوە پارەدار دەکرێن، دیاری دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە