داقووق؛ عەرەبی هاوردە هەوڵی داگیرکردنەوەی 50 هەزار دۆنم زەویی کورد دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
لە داقووق، عەرەبی هاوردە دەیەوێت جارێکی دیکە دەست بەسەر ئەو 50 هەزار دۆنم زەوییەی کورد بگرێتەوە، کە حزبی بەعسی هەڵوەشاوە بە دیاری پێیدابوون.
پورە حەلاو تەمەنی 60 ساڵە و هاوژینەکەی شەهیدی سەنگەرە، عەرەبی هاوردە دەستیان بەسەر بەشێک لە زەوییەکەیدا گرتووە، حەوت ساڵە هەرەسانی دەستی عەرەبی هاوردەن.
حەلاو بەکر دانیشتووی گوندی یەنگیجە و دەڵێت: "خەڵکی رایدەکرد و ئێمە گوتمان ناڕۆین و ئەم خاکە بۆ عەرەب جێناهێڵین. هەموو جارێک ئەو عەرەبانە بە ئۆتۆمبێل و چەکەوە هێرش دەکەنە سەرمان، ئێمەش لە بڵندگۆی مزگەوتەکەوە بانگەواز دەکەین و خەڵکی رێگریان لێدەکەن، ناچار هەڵدێن و دوای ماوەیەک و بەتایبەتی لە وەرزی دروێنە جارێکی دیکە دێنەوە سەرمان."
هەوڵی زۆری هاوردەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی گوندی یەنگیجەی سنووری داقووقە.
عزەدین تاڵەبانی، سەرۆکهۆزی تاڵەبانیەکانی کەرکووکە، خاوەن چەندین بەڵگە، نوسراو و تاپۆیە کە خاوەندارێتیی زەوییەکانیان دەیسەڵمێنێت.
عزەدین تاڵەبانی دەڵێت: "لەدوای ساڵەکانی 1974 و 1975 بڕیارەکانی سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی شۆڕش دەرکراوە کە بریتییە لە بڕیارەکانی(824)، (369) و (949) ئەمانە زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەویی کوردی تەعریب کرد بۆ هێنانی هۆزە عەرەبییەکان لە پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق بۆ ناوچەکە."
پەرلەمانی عێراق دەیەوێت بە پڕۆژە یاسایە، پرسی زەوییە کێشە لەسەرەکان چارەسەر بکات و دوو خوێندنەوە بۆ کراوە و چاوەڕێی پەسند کردنە.
دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "ئەو کێشانەی کە رۆژانە یان ساڵانە روودەدەن، بە تایبەتی لە وەرزەکانی چاندن و دروێنەدا، پێویستیان بە چارەسەرێکی خێرا هەیە، بۆیە زۆرجار دەبێت لە رێگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەشێوەیەکی کاتی رابگیرێن و ئەمەش وادەکات دووبارە ببنەوە."
جووتیارانی کورد دەیانەوێت لە رێگەی دادگای فیدراڵیەوە کێشەی زەوییەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام دادگەی فیدراڵی 10 جار دانیشتنی ئەنجامداوە و نەیتوانیوە سکاڵای 10 هاونیشتمانیی کورد یەکلایی بکاتەوە.
48 ساڵ لەمەوبەر، بە بڕیارێک سەدان دۆنم زەویی جووتیارانی کورد لەدەستیان دەرهێنرا و بەشێکیان وەکو دیاری بەخشرایە عەرەبی هاوردە و بەشێکی دیکەشی خرایە سەر وەزارەتەکانی عێراق. بیست ساڵ زیاتریشە هەوڵدەدرێت ئەو بڕیارە هەوڵبوەشێندرێتەوە و تائێستا سوودی نەبووە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە رزگارکردنی جووتیارانی کوردە لەدەستی ئەو کێشانەی هەموو ساڵێک لە وەرزی دروێنە دووچاری دەبنەوە.