لە پەلکانەی کەرکووک عەرەبی هاوردە خێوەتی مانگرتنیان هەڵداوە؛ 'دەیانەوێت زەوییەکان داگیر بکەن'
رووداو دیجیتاڵ
عەرەبی هاوردە خێوەتی مانگرتنیان لەنێو گوندی پەڵکانە هەڵداوە. سوپا و هێزی ئەمنی بە چواردەوەری مانگرتنەکەدا بڵاوەیان پێکراوە.
یەکێک لە هاوردەکان هاتووە و بە جووتیارێکی کورد دەڵێت: "ئێمە خاوەن مافین" و جووتیارە کوردەکە بەڵگەیەک دەخاتە بەرچاوی کە ئەوان هاوردەن و لەسەردەمی تەعریب و راگواستن هێندراونەتە ناوچەکە.
جەبار غەباش، عەرەبی هاوردە دەڵێت: "داواکاریمان ئەوەیە کێشەکەمان چارەسەر بکرێ، داوامان لە حکومەتی ناوەندییە ئیشەکەمان تەواو بکەن، ئەوە حەوت ساڵە پێمان پێدەکەنن، بەیەکجاری ئەوە کۆتایی هاتووە، جێی گفتوگۆ نییە، دەبێ کێشەکە یەکلابێتەوە. جا حکومەتی کوردییە یان ئەندامانی پەرلەمان، ئەندامانی عەرەب یانیش حکومەتی ناوەندی چارەسەری کێشەکەمان بکەن و ئێمە خۆشحاڵ دەبین."
مام ئەحمەد، ئارام ناگرێ، ترسی لەوەیە هاوردەکان پیلانگێڕییەکی دیکە لەدژیان ئەنجام بدەن. ئەو دەڵێ، مەرامی هاوردەکان تەنیا ئەوەیە لە وەرزی دروێنەدا گوشار لەسەر هێزە سەربازییەکان بکەن رێگری لە جووتیاری کورد بکەن.
ئەحمەد عەزیز دانیشتووی پەڵکانەیە و دەشڵێت: "مەرامیان ئەوەیە دەست بەسەر خانووەکان و زەوییەکاندا بگرنەوە بە بیانووی ئەوەی گوایە مافیان لای حکومەتە، خۆ من حکومەت نیم. دواتر لەم دەوڵەت و مەملەکەتە بووە سوپا دەستوەردان لە کاری کشتوکاڵدا بکات؟"
هاوردەکان بەر لەوەی خێوەت هەڵبدەن داوایان لە جووتیارانی کورد کردووە کە پشکیان بدەنێ لەو بەروبوومەی لەسەر زەوی و زارەکانیان چاندوویانە.
لەدوای مانگرتنی هاوردەکانەوە، جووتیارانی کوردی سنووری سەرگەڕان لە گوندی پەلکانە گردبوونەوە.
کوردانی ناوچەکە بەڵگەی زۆریان هەیە کە خاوەندارێتیی سنوورەکە و زەوییەکانیش بۆ ئەوان بسەلمێنێ.
مام کەریم تەسکەرەی باوکیمان نیشان دەدات کە لەساڵی 1927 لە پەلکانە لەدایکبوووە.
کەریم رەحمان، خەڵکی پەلکانەیە و دەڵێت: "ئێمە دەستمان ناڕوات، ئەوانیش دەستیان بەو فەرماندەی فیرقەیە دەڕوات و هەر رۆژەی نوسراوێکمان بۆ دەهێنن، بوونی ئێمە فەرمییە و سەلمێندراوە."
دەشتی دزەیی، هاونیشتمانییەکی دیکەی دانیشتووی پەلکانەیە و دەڵێت: "هەموو ساڵێک لەکاتی جووتکردن و تۆوکردن و دروێنەدا دووبارە دەبێتەوە. ئەو کێشەیە کێشەیەکی سیاسییە."
لە سنووری سەرگەڕان 42 گوند هەن کە تەنیا دوو گوندیان عەرەبنشینن، جیا لەوە سەرجەم ناوچەکە خاکی کوردە. لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە پێنج گوندی سنوورەکە لەژێر پیلانگێڕیی بەردەوامی تەعریب و گوشاری هێزی سەربازیدان.