رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژە لە کۆیە رێگە بەڕووی شۆفێرانی بارهەڵگر داخراوە. دانیشتووانی کۆیە بەربەستیان لەسەر رێگەکە داناوە و رێگەنادەن هیچ بارهەڵگرێک بە شارەکەیان تێپەرێت. قایمقامی کۆیە دووسایدکردنی رێگەی کۆیە - هەولێر بە چارەسەری کێشەکە دەزانێت.
هاتووچۆی بارهەڵگر و تانکەر تاوەکو 6ـی ئەم مانگە بە رێگەی کۆیە - هەولێر ئاسایی بوو، بەڵام دوای گیانلەدەستدانی چوار کەس بەهۆی رووداوی هاتووچۆ لەسەر رێگەکە، دانیشتووانی کۆیە رێگەکەیان داخستەوە. تەنیا رێگەی بارهەڵگران رێگەی مامەجەلکەیە کە رێگەیەکی کۆن، خراپ و یەک سایدە.
دەرباز خەلیلزادە، چالاکڤانێکی شاری کۆیە و رێکخەرێکی ناڕەزاییەتیەکان، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە رێبوار عەلی پێشکێشی دەکات گوتی: "ئێمە دوژمنی بارهەڵگرەکان نین، بەڵام لە ئازاری خەڵکی کۆیە تێناگەن."
ئەو چالاکڤانە پەیامی بۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی هەیە؛ ئەویش دووسایدکردنی رێگەی کۆیە - هەولێرە. دەرباز دەڵێت: "هەر کەسێکی خەڵکی کۆیە کاتێک دەچێتە هەولێر دەبێت وەسیەت بکات، ئینجا بڕوات."
بارهەڵگرەکان بە درێژایی نزیکەی شەش کیلۆمەتر لە دەروازەی شاری کۆیە وەستاون و رێگەیان پێ نادرێت بەناو شاری کۆیە تێپەڕبن. شۆفێرانی بارهەڵگر هۆشداری دەدەن لە "مەترسیی" مانەوەی بارەکانیان.
ئەرکان کەریم، شۆفێری بارهەڵگرە لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی: "سێ رۆژە لێرەین و گیرمانخواردووە. شۆفێر هەیە خواردنی نەماوە. شۆفێر هەیە پارەی پێ نەماوە. بارەکانمان مەترسیدارن. لە بازگەی کەرکووکیش حکومەتی عێراق گێچەڵمان پێدەکەن و رێگەنادەن بە بارەوە تێپەڕین."
موقەدەم سەنگەر، بەڕێوەبەری هاتووچۆی کۆیە لەبارەی کردنەوەی رێگەکە گوتی: "خەڵکەکە بە خۆڵ رێگەیان گرتووە. قایمقام لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی چارەسەرێکی کاتییان بۆ دابنرێ، بۆ نموونە ئەم وەجبەی بارهەڵگرەکان تێپەڕبن و دواتر رێگەکە دابخرێت."
سێ رێگەی سەرەکی بەیەکەوە بەستنی ئیدارەی گەرمیان، هەڵەبجە و سلێمانی بۆ شارەکانی هەولێر و دهۆک بە سنووری کۆیە تێدەپەڕن. تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە، چارەسەریی سەرەکی کێشەکە بە "دووسایدکردنی رێگەی کۆیە - هەولێر" دەزانێت.
قایمقامی کۆیە، لە بەرنامەی بەرپرسیار ئاشکرای نەکرد کەی رێگەکە دەکرێتەوە و رایگەیاند: "هیچ رێگەیەک لە هەرێمی کوردستان هێندەی دووسایکردنی رێگەی کۆیە بۆ هەولێر گرنگ نین. خەرجیی پڕۆژەکە 320 ملیارە. تاوەکو ئێستا 100 ملیار دینار دراوەتە کۆمپانیا و 22%ـی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە. گۆڕینی ئاراستەی رێگە تەنیا خۆدزینەوەیە لە بابەتەکە، ئەم چەند رۆژە دەرگە نەماوە لێینەدەم بۆ چارەسەریی کێشەکە."
لەبارەی کاتی کردنەوەی رێگەی کۆیە - هەولێر، تاریق حەیدەری گوتی: "داوای لێبووردن لە خەڵکی کۆیە و شۆفێرانیش دەکەم. داوای پشوودرێژییان لێدەکەم. من لەگەڵ سەرووی خۆمەوە لە گفتوگۆداین و بزانین چۆن بگەینە چارەسەرێک."
بارهەڵگرەکان تەنیا رێگەی هاتووچۆیان مامەجەلکەیە کە رێگەیەکی کۆن، تاک ساید و پڕ لە چاڵە. عیماد محەممەد، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر، بە رووداوی گوت: "مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەرهێڵە بۆ ئەوەی رێگەی مامەجەلکە و هیران - شەقڵاوە نۆژەن و چاکبکرێتەوە. بەمنزیکانە دەست بە کاری نۆژەنکردنەوە دەکرێت."
پێنج رێگەی هاتووچۆ لە نێوان هەولێر - سلێمانی هەن و هەر پێنجیان کۆن و یەک سایدن. عیماد محەممەد، دەڵێت: " وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە پلانیدایە رێگەکان بکاتە دووساید، هەندێک لە رێگەکان کاریشیان تێیدا کراوە، بەڵام نەبوونی بودجە کارەکانی وەستاندووە. ئەگەر هەیە ئەو کۆمپانیایانەی کە سوودمەندی رێگەکانن خۆیان رێگەکان بکەنە دووساید بەڵام تاوەکو ئێستا نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ