لە پردێ دایکێک دوای مردنی کوڕەکەی، کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت

 
رووداو - کەرکووک

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە شارەدێی پردێ دایکێک دوای ئەوەی کوڕەکەی گیان لەدەستدەدات، بە گولـلەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.
 
عەقید عەلی فەتحی، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی پردێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 09-05-2023 ئۆتۆمبێلێکی ئازووقە فرۆشت لە منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ بەناوی عومەر وەجی لەبەردەم ماڵی خۆیان دەدات و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات؛ کاتێک دایکی دەچێتە دەرەوە و منداڵەکەی لەو دۆخە دەبینێت، گولـلەیەک بە خۆیەوە دەنێت و کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت."
 
تارا عاشی تەمەنی 18 ساڵە و دایکی دوو کوڕ بوو بە ناوەکانی "عومەر و مەزڵووم" دوای مردنی عومەر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و بڕیارە لە پردێ بە خاک بسپێردرێن.