وەزارەتی دارایی: بەغدا 400 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان نارد
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەغدا 400 ملیار دیناری خستەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی بانکی ناوەندی هەرێم لە هەولێر.
رۆژی سێشەممە 09-05-2023 هونەر جەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ بڕی 400 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی بانکی ناوەندی هەرێم لە هەولێر."
رۆژی سێشەممە، 18-04-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاری دا بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت کە بڕەکەی 400 ملیار دینارە و بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی لە بەغدا راگەیاند "لەڕێگەی بانکی رافیدەینەوە 200 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 200ی دیکەش ملیاری لەڕێگەی بانکی رەشیدەوە خراوەتە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێم."
بەو 400 ملیار دینارەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان ناردی، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت نزیکەی 65٪ـی مووچەی مانگی نیسان دابەشبکات، بەڵام هێشتا کورتهێنان دروست دەبێت؛ چونکە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 900 ملیار دیناری پێویستە، کە لەو پارەیە 200 ملیار دیناری لە داهاتی ناوخۆ دەبێت و زیاتر لە 700 ملیار دیناری لە داهاتی نەوتە، بەڵام لە کۆتایی مانگی ئادارەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە، واتە ئەم مانگە هیچ پارەیەکی نەوت بەردەست نابێت.