دایکێک لە پردێ دوای ئەوەی کوڕەکەی بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا


رووداو دیجیتاڵ

لە دوو رووداوی جیادا لە پردێ، دایک و کوڕێک گیانیان لەدەستدا. عومەر وەجی کە تەمەنی دوو ساڵ بووە، لە نێو کۆڵانی گەڕەکەکەیان کەوتە ژێر ئۆتۆمبێل و گیانی لەدەستدا، کاتێک دایکە تەمەن 18 ساڵەکەی چووە سەر تەرمەکەی، گەڕایەوە ماڵ و خۆی کوشت. 
 
قاسم فاتیح، باپیری عومەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''منداڵەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، چونکە ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری کیا بووە و بەسەری کەوتووە، ئافرەتانی گەڕەکەکە لە چوار دەوری کۆدەبنەوە و ماڵی ئێمەش کەمێک دووربووە لە شوێنی رووداوەکە، دایکی دێتە سەر و دۆخی تێکدەچێت و ئەویش منداڵە و تەمەنی 18 ساڵە، بۆیە دەگەڕێتەوە ماڵ و لە ماڵ دەمانچە هەبووە، گولـلەیەک بەخۆیەوە دەنێت و گیان لەدەست دەدات."
 
تارا عاسی، دایکی عومەر منداڵێکی تەمەن سێ ساڵی بە ناوی مەزڵووم لە دوای خۆی بەجێهێشت، ئەوان بەنیاز بوون کۆتایی ئەم مانگە بچنە نێو خانووە نوێکەیان، بەڵام ئەم رووداوە رێگەی پێنەدان. 
 
پشتیوان رەشید، دراوسێی وەجی قاسم گوتی، ''ئەم خانووە نوێیەیان درووستکردبوو، بڕیار بوو ئەم مانگە بێنە ناوی، دایکی عومەر تەمەنی 18 ساڵە و کوڕەکەشی دوو ساڵان بوو، کەسوکاری منداڵەکەش لە شۆفێرەکە خۆش بوونە و بڕیارە سبەی لە زیندان ئازاد بکرێت." 
 
ئەو شۆفێرەی بە ئۆتۆمبێل لە عومەری دا، لەدوای رووداوەکە خۆی رادەستی پۆلیس کرد، بەڵام کەسوکاری عومەر بڕیاری لێخۆشبوونیان دا.