رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی شەش مانگ، دواجار سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، ئەوەش لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ یەکڕیزی و لێکنزیکبوونەوەی حیزبە سیاسییەکان. دوای ئەو کۆبوونەوەیەش، رێوڕەسمێک لە بارزان، ئەو سەرکردە و بەرپرسانە کۆدەکاتەوە کە لە رابردوودا ناکۆکیی سیاسییان هەبوو و شاندێکی یەکێتیش بەشداری دەکات.
هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە رووداوی گوت، "لەم رۆژانەدا لە بارزان مۆزەخانەی نیشتمانیی بارزان دەکرێتەوە کە تەواوی دەنگ و رەنگە جیاوازەکانی کوردستان و عێراق کۆدەکاتەوە، بێگومان دیدارەکە هەنگاوی باش دەبێت بۆ لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و تێگەیشتنی هاوبەش دروست دەبێت، دواجار کۆبوونەوەی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی هەردوولای لێدەکەوێتەوە و دەگەینە رێککەوتن".
یەکێتی پێشتر مەرج و خاڵی بۆ دانوستاندن و رێککەوتن لەگەڵ پارتی هەبووە، پارتیش داواکانی بەهەند وەرگرتوون و ئێستا گەنگەشەکردنی لەسەر مێزی گفتوگۆ ماوە، سەرەکیترینیان رێککەوتنە لەسەر هەڵبژاردن.
ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، "یەکێتی بە پیر هەموو جۆرە گفتوگۆکانەوە دەڕوات و دوێنێ لە کۆبوونەوەی باڵای نێوان هەردوولادا هەنگاوی باشی بڕیوە و لە ئاییندەشدا نزیکیی زیاتر دێتە کایەوە، پارتی و یەکێتی بە گفتوگۆ دەتوانن زۆر شت لەسەر ئاستی عێراق چارەسەر بکەن."
دوو رۆژی دیکە بارزان دەبێتە سەکۆی کۆکەرەوەی زۆربەی سەرۆک و سەرکردەکانی کوردستان و عێراق، ئامانجەکەش کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانیی بارزانە، لەپاڵیشیدا چاوەڕێ دەکرێت سەرکردەکان رووبەڕوو قسە لەگەڵ یەکدی بکەن و ببێتە هەنگاوێکی دیکەی پێشڤەچوونی پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی و لێکەوتەکەشی کۆبوونەوەی بڕیاردەرانی هەردوولا بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ