50 مامۆستای زمانی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا دامەزران


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دامەزراندنی 50 مامۆستای زمانی کوردی بۆ وەرزی خوێندنی داهاتوو راگەیاند.  

بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، 45 هەزار مامۆستا بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە باکووری کوردستان و تورکیا دامەزرێندراون، لەنێویاندا 50 مامۆستایان تایبەتن بە زمانی کوردی. یەکەمجارە ئەو ژمارە زۆرەی مامۆستای زمانی کوردی لەو وڵاتە دابمەزرێن. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە کۆی ئەو 50 مامۆستا دامەزراوە، 35 مامۆستایان بۆ کرمانجی و 15 مامۆستاکەی دیکەش بۆ زازاکی دامەزراون. 
 
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا راشیگەیاندووە، مامۆستاکان رۆژی 1ـی ئەیلوولی 2023 دەستبەکاردەبن. 
 
هەر بە گوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە کۆی 15 مامۆستا دامەزراوەکەی زازاکی، 5 مامۆستا لە قوتابخانەکانی چەولیگ، 4 مامۆستا لە قوتابخانەکانی ئامەد، 3 مامۆستا لە قوتابخانەکانی دێرسم، دوو مامۆستا لە شرنەخ و مامۆستایەکیش لە رووها دامەزراون. 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا ملیۆنێک و 148 هەزار مامۆستا هەن کە تەنیا 81یان مامۆستای زمانی کوردین.
 
ساڵی 2018 سێ مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندران؛ ساڵی 2019 مامۆستای زمانی کوردی دانەمەزرێندرا؛ ساڵی 2020 یەک مامۆستا؛ ساڵی 2021 سێ مامۆستا و ساڵی 2022یش سێ مامۆستا دامەزران.  
 
لە ساڵی 2012 لە زانکۆی ئارتوکڵو لە مێردین، زانکۆی ئاڵپئەرسڵان لە مووش، زانکۆی چەولیگ لە چەولیگ، زانکۆی مونزور لە دێرسم و ساڵی 2017یش زانکۆی یوزونجوییڵ لە وان، بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی کراونەتەوە و تاوەکو ئێستا 1603 دەرچوویان هەیە.