ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی: گرێکوێرەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کرانەوە

09-05-2023
هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، "گرێکوێرەکانی" نێوان پارتی و یەکێتی کردووەتەوە و گوتی، "چاوەڕێی گەڕانەوەی تیمی یەکێتی دەکەین بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران".
 
هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، رایگەیاند، "بەرەپێشچوونی باش لەنیوان پارتی و یەکێتی هەیە، کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، کردنەوەی گرێکوێرەکان بوو، ئێمە وەکو پارتی ئامادەیی تەواومان بۆ کۆبوونەوە هەیە."
 
دوێنێ دووشەممە، 08-05-2023، لە هەولێر مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، کۆبوونەوەکەیان ئەرێنی بووە.
 
هیوا گەیلانی گوتی، "ئێمە چاوەڕێی ئەوەین و داوا لە تیمی یەکێتی و کاک قوباد دەکەین، بگەڕێنەوە نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران".
 
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی، "هەڵبژاردن پرۆسەیەکی چارەنووسسازە و ستوونێکی سەرەکیی دیموکراسییە، بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، ئێستاش کە دواکەتووە، پێمانوایە دەبێت ئەمساڵ بکرێت". 
 
هیوا گەیلانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، "پارتی لەپێناوی ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت، سازشی زۆری کردووە، لەوانە؛ بازنەکانی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و یاسای هەڵبژاردن".
 
رۆژی سێشەممە، 9ـی ئایاری 2023، سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، لە هەرێمی کوردستان گرفتی سیاسی و دارایی هەیە. بە گوتەی ئەو، "ئێستا گرفتە سیاسییەکان بەرەو چارەسەر دەچن، بەڵام پێویستە ئەم کۆبوونەوانە درێژەیان پێ بدرێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتە هەنووکەییەکان. لەو چوارچێوەیەدا ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام دەبن".
 
گرژییەکان نێوان پارتی و یەکێتی کاتێک زەقبوونەوەکە قوباد تاڵەبانی لە رۆژی 26ـی ئۆکتۆبەری 2022ـەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەکرد و بایکۆتی کرد؛ وەزیرەکانی یەکێتیش لە 22-12-2022ـەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە