مەسرور بارزانی: داوا دەکەین حکومەتی فیدراڵ مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا-کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور و رێککەوتنەکان [لەگەڵ بەغدا] جێبەجێ کردووە و داوا دەکات حکومەتی فیدراڵیش مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکات".
ئەمڕۆ سێشەممە، 09-05-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریکا-کوردستان کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر-بەغدا، پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و "چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کورستان" گفتوگۆیان کردووە.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەیڤد تەفوزی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە ئامادەیی شاندەکەی بۆ برەودان بە کار و وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان نیشان داوە.
مەسرور بارزانی تیشکی خستەسەر دوایین گۆڕنکاری و پێشهاتەکان، پەیوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور و رێککەوتنەکان جێبەجێ کردووە" و داوا دەکات حکومەتی فیدراڵیی عێراق مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لەبارەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆ کراوە. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە "پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە قووڵکردنەوە و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و ئازادی ئایینی و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان دووپاتکردەوە."
شاندەکەی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا-کوردستان "ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنەران و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و پرۆسەی ڤیزای ئەلیکترۆنیان کرد"، ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت.