شۆفێران و گوندنشینان رێگەی گوندەکانی ناحیەی زنانە و خورماتوو دەگرن

09-05-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن داوێ ناوەندی لێكۆلینەوەی رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگر و گوندنشینی گوندەکانی ناوچەی داوێ (داودە) لە ناحیەی زنانەی گەرمیان رێگەیەکی هاتووچۆکردنیان بۆ قەزای خورماتوو داخست و یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێت "لە بازگەی سوپای عێراق رێگە بە گەیاندنی گەنم و جۆ بۆ سایلۆی دووزخورماتوو نادرێت و بۆ بردنی مەڕو ماڵاتەکانیشمان داوای پارە و سەرانەمان لێدەکەن".
 
شەوی رابردوو 8-5-2023، ژمارەیەک لە شۆفێرانی بارهەڵگر و گوندنشینی گوندەکانی ناوچەی داوێی گەرمیان، رێگەی گوندەکانیان و قەزای دووزخورماتوویان داخست و رێگەنادەن هاتووچۆ بکرێت.
 
سەبارەت بە هۆکاری گرتنی رێگەکە، کامەران موحسین، یەکێک لە دانیشتووانی گوندی قومپەڵکی ناوچەی داوێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێمە، چەند رۆژێکە دەمانەوێت گەنم و جۆی ئەمساڵمان بگەیەنینە سایلۆی دووزخورماتوو، بەڵام لەلایەن بازگەیەکی سوپای عێراق کە لەنێوان گوندەکانی ئێمە و قەزای دووزخورماتووە، رێگەمان پێنادرێت، جگە لەوە رێگە بە بردنی دوو بۆ سێ سەر مەڕوماڵات زیاتر، نادرێت و داوای پارەمان لێدەکەن، لەکاتێکدا ئێستا کاتی ئەوەیە مەڕوماڵاتەکانمان بفرۆشین، بەڵام سەرانەیان دەوێت".
 
وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە، لەبارەی ئەو کێشەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەداخەوە بازگە و دەروازەکانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق وەکو بازگەکانی سەردەمی بەعسیان لێهاتووە و پارەوەرگرتن و شتی دیکەشی تێدا دەکرێت، بۆیە ئەو گوندنشینانە پارەیان لێوەردەگیرێت و رێگەیان پێدەگیرێت. ئێمە، هەوڵدەدەین لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەو ناوچەیە لە پەرلەمانی عێراق کێشەکە چارەسەربکەین، چونکە زەحمەتییەکی زۆر و رێگرییەکی زۆر لەبەردەم گوندنشینان و شۆفێرەکان دروست دەکەن".
 
بەپێی یەکێک لە شۆفێرەکانی ئەو رێگەیە، جگە لە رێگەنەدان و تەگەرە دروستکردن بۆ هاتووچۆی ئەوان و گوندنشینان و رێگەگرتن لە گواستنەوەی مەڕوماڵات و گەنم و جۆی جووتیاران، رێگەکەش زۆر خراپە و چەند جارێک داوای چاککردنەوەیان کردووە و گوێیان پێنادرێت.
 
ناوچەی زنانە یەکێکە لە ناحیەکانی سەر بە قەزای کفری لە ئیدارەی گەرمیان، لە بەشێکی گوندەکانی ئەو ناوچەیە ئێستا وەرزی دروێنەی گەنم و جۆیە و نزیکترین شوێنیش بۆ گەیاندنی بەرهەمەکانیان، سایلۆی قەزای خورماتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە