بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی: دەبێت لەگەڵ پارتی واز لە شەڕی فەیسبووک بهێنین و کێشەکانی نێوانمان چارەسەر بکەین

09-05-2022
هیدایەت جان
گفتوگۆی کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ رووداو
گفتوگۆی کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی بە رێگەخۆشکەر بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوانیان ناودەبات و دەڵێت، پێویستە هەردوولا خاڵە ناکۆکەکانیان وەلابنێن و لەسەر خاڵە هاوبەشەکان رێککەوتن بکەن.
 
رۆژی دووشەممە 9-5-2022، کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق میوانی بوولتەنی کاژێر 10ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە لە لایەن سنوور مەجیدەوە پێشکێش دەکرێت و رایگەیاند: ئێمە لە سەرەتای کێشەکانەوە تاوەکو ئێستا پێمان وابووە کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەکرێن. ئێمە لەگەڵ پارتی خاڵی ناکۆکمان زۆرە، بەڵام خاڵی هاوبەشیشمان هەیە، دەبێت خاڵە هاوبەشەکانمان لەسەر مافی دەستووریی خەڵکەکەمان و دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان و دۆخی کورد لە بەغدا و ناوچەکە بێت و ئەمانە هاندەربن بۆ ئەوەی یەکێتی و پارتی گفتوگۆی جیددی بکەن.  
 
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت: ئێمە لەگەڵ گفتوگۆی جیددین. لە رابردوو لەگەڵ پارتی گفتوگۆی زۆرمان کردووە و زۆرجار کێشەکانمان پەرەیان سەندووە و ئاڵۆزی میدیایی و سیاسییان دروستکردووە، بەڵام کە بەیەکەوە کۆبووینەتەوە کێشەکانمان سڕکردوون؛ چارەسەری بنەڕەتیمان بۆ ئەو کێشانە نەکردووە. 
 
رۆژی یەکشەممە 08-05-2022، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزبەکە کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەنراوێکدا پێداگری لە چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان بە گفتوگۆ کرایەوە.
 
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: دەبێت بۆ بەرژەوەندییە گشتیی و نیشتیمانییەکان، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەیەک نزیکببنەوە و پارتی لەگەڵ ئەوەیە ئەو پڕۆسەیە بەرەوپێش بڕوات و دەمانەوێت سەردان و یەکتربینینمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا بێت. 
 
کاروان یاروەیس راگەیێندراوەکەی سەرکردایەتی پارتی بە ئەرێنی ناودەبات و دەڵێت، "راگەیێندراوەکەی دوێنێی کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتی پارتی بەراورد بە پێش کۆبوونەوەکە هێورییەکی پێوە دیارە و ئەوە رەنگە هاندەربێت بۆ ئەوەی ژینگەی سیاسیی و ئەو بەریەککەوتنە میدیاییەی لە نێوان ئێمە و پارتی هەیە، هێورببێتەوە و ئەوەش بە تەنیا بەس نییە و دەبێت هەردوولا بڕیار بدەن بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و بە گفتوگۆکردن چارەسەری کێشەکان بکەن." 
 
کاروان یاروەیس گوتیشی، "ئێمە و پارتی دوو هێزی بەرپرسیارین لە ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، دەبێت لە بری شەڕی فەیسبووک و شەڕی میدیایی لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەری کێشەکانمان بکەین و خەڵکی کوردستانیش ماندووبوون بەدەست ئەم ژینگە سیاسی و میدیاییە؛ خەڵک دەخوازن کێشەکانیان چارەسەربن و گوزەرانیان باشبکرێت و کورد لە بەغدا یەکڕیز بێت." 
 
لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی ئەو پۆستە بە مافی حیزبەکەی دەزانێت و پێیوایە ناکۆکی لەسەر پۆستەکە واتای بنبەستی سیاسیی لەگەڵ پارتی ناگەیەنێت و دەشڵێت: ئێستا کێشەکانمان لەگەڵ پارتی زۆرن و تەنیا کێشەی سەرۆککۆمار نییە، لە  هەرێمی کوردستان ناکۆکیمان لەسەر پرسی هەناردەکردنی غاز و شێوازی بەڕێوەبردن هەیە، ئێمە دەتوانین دانیشین و لەسەر کۆی ئەو کێشانە گفتوگۆ بکەین و بگەینە رێککەوتن. 
 
بە گوتەی کاروان یاروەیس، "ئەو چەقبەستووییەی لە نێوان یەکێتی و پارتی هەیە، پێویستی بە دەستپێشخەری ژیرانە هەیە و دەبێت هەردوولا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و نەرمی لە بەرانبەر یەکتر بنوێنن." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.