رووداو - رانیە
لەدوای مانگرتنی ژینگەپارێزەکان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، ئێستا هەندێک کەس بە پارە خۆڵ و خاشاکی کۆڵانەکان کۆدەکەنەوە، لە رانیە ئەو کەسانە خۆڵ و خاشاکەکە دەبەن لە شوێنێکی نێو شارەکە فڕێیدەدەن.
محەممەد ئیبراهیم، خۆڵ و خاشاکی چەند ماڵێکی کۆکردووەتەوە و دەڵێت، "هەموو رۆژێک پڕ بە ماتۆڕەکەم خۆڵ و خاشاک لە کۆڵانەکان کۆدەکەمەوە و هەر ماڵێک هەزار دیناری لێدەسێنم بۆ کۆکردنەوەی ئەو خۆڵ و خاشاکە، هەموو کۆڵانەکان خاشاکی زۆریان تێدا کۆبووەتەوە، هەر ماڵێک دوو بۆ سێ کیسە خۆڵیان بۆ فڕێدەدەم."
جگە لە نێو بازاڕ، زۆرینەی گەڕەک و کۆڵانەکانی سنووری هەر 15 شارەوانییەکەی ئیدارەی راپەڕین، پڕ بوون لە خۆڵ و خاشاک.
حەسەن ئەحمەد، هاونیشتیمانیی گەڕەکێکی رانیەیە، دەڵێت، "لەپێش جەژنەوە هیچ کەس نەهاتووە لێمان بپرسێت و کەس نایەت خۆڵ کۆبکاتەوە، بۆن و بەرامەیەکی زۆر ناخۆش بڵاوبووەتەوە لە کۆڵانەکەمان، هەر کەس لێرەوە بێت بۆن کاسی دەکات، وامان لێهاتووە مەگەر ماڵەکانمان چۆڵ بکەین."
مام رەمەزان 13 ساڵە لە شارەوانی و کۆمپانیای پاککەرەوە لە رانیە کاری ژینگەپارێزی دەکات، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکەی ئێستا چەند مانگێکیشە بۆ بژێویی ژیانی قوتوو و فافۆن کۆدەکاتەوە. بە بایسکڵەکەی چوو بۆ بەشداریکردن لە گردبوونەوەیەک کە هەفتەیەکە ژینگەپارێزانی هاوڕێی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی راپەڕین دەستیانپێکردووە.
رەمەزان عەلی، ژینگەپارێز باسی ژیانی خۆیی بۆ رووداو کرد و گوتی، "پێشتر کە لە شارەوانی بووین، مووچەکەمان 450 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا 300 هەزار دینارە، پارەکە بەشی هیچ ناکات، ناچارم قوتوو و فافۆن کۆبکەمەوە کە یەک کیلۆ 1000 دینار دەکات، بە هەفتەیەکیش 20 کیلۆم بۆ کۆناکرێتەوە، ئێستاش خەرجیی هەشت کەسم لەسەرە، دایکم نەخۆشە و کەمئەندامە (نڤیشکانە)، بەو دۆخەش چۆن دەکرێت گوزەران بەڕێوەبڕوات."
محەممەد مستەفا، ژینگەپارێزێکی دیکەی رانیەیە و باس لەوە دەکات، "90 رۆژە مووچەی ئێمەیان نەداوە، نە بۆ جەژن و نە دوای جەژنیش، ئاخر ئەو کەسانەی کە ملیۆن و ملیۆن و نیو دیناریان هەیە دەڵێن: بەشمان ناکات و دۆخیان خراپە. ئاخر دەگونجێت 300 هەزار دینار بەشی ئێمە بکات."
کۆمپانیای پاککەرەوەی سنوورەکەش دەڵێت، وەڵامی ئیدارەی راپەڕین و شارەوانی بۆمان هەر چاوەڕوانیکردنە و هیچی دیکە.
سەربەست محەممەد، نوێنەری کۆمپانیای گارێکس بە رووداوی گوت، "سەرپەرشتیارانی کۆمپانیاکەمان هەر کاتێک دەچن بۆ بانکەکان پێیان دەڵێن: بانک پارەی تێدا نییە و مووچە نادرێت بەڵام هەوڵتان بۆ دەدەین؛ بەڵام هیچ شتێکی نوێمان پێ ناڵێن."
جگە لە ئیدارەی راپەڕین، گرفتی دابیننەکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی پاککەرەوە لە سنووری گەرمیان، ناو سەنتەر و دەرەوەی سلێمانی بەردەوامە، هێشتا ئاسۆی چارەسەری گرفتەکەش دەرنەکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ