بێگەرد تاڵەبانی: حکومەت رەزامەندیدا بۆ دروستکردنی تاقیگەیەکی هەنگ و هەنگوین


رووداو دیجیتاڵ 

دوای بەرنامەیەکی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیدا بۆ دروستکردنی تاقیگەیەکی هەنگ و هەنگوین. دەشڵێت، "ئەم تاقیگەیە جگە لە پاڵپشتییەک بۆ هەنگەوانان، دەبێتە سەرچاوەیەکی باشی داهاتیش."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 9-5-2022 بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەبوو تاقیگەیەکی مەرکەزی بۆ پشکنینی هەنگ و کوالێتی هەنگوین زۆر دەمێک پێش ئێستا هەبووایە، ئێمە لەم کابینەیە کاری جیددیمان کرد لەسەر ئەوەی کە دەبێ تاقیگەیەکی مەرکەزیمان هەبێ و حکومەتیش رەزامەندیداوە.
 
لە بەرنامەی ئەمجارەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەوی یەکشەممە 08-05-2022 پەخشکرا، گفتوگۆ لەبارەی کوالێتی و نرخی هەنگوین و کاری هەنگاوانی کرا. 
 
لە بەرنامەکەدا، کێشەکانی هەنگەوانان ئاشکراکران، کە یەکێکیان کێشەی نەبوونی تاقیگەی پشکنینی هەنگ و هەنگوین بوو. 
 
رەنج سەنگاوی لەبارەی نەبوونی تاقیگەکە گوتی، 700 تۆن هەنگوین لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێن کە نزیکەی 18 هەزار هەنگەوان بەرهەمی دەهێنن، بەڵام لەبەر نەبوونی تاقیگە ناتواندرێت بەباشی بەبازاڕ بکرێت. هاوکات میوانەکانی باسیان لەوە کرد، ئەگەر ئەو تاقیگەیە هەبێت، دەتواندرێت ئەو بڕە جارانی 10 بکرێت.

 

 
سەبارەت بە تێچووی دانانی تاقیگەکە، فاخیر ئەحمەد، بەڕێوەبەری پاراستنی رووەک لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە دوای ئەو داوایەی ئاڕاستەمان کرا بۆ دانانی تاقیگەیەک، دەرخستەمان بۆ کرد نزیکەی 652 ملیۆن دینار تێچووەکەیەتی، لە مانگی 11ـی 2021ـەوە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رەزامەندی لەسەر نەگەڕاوەتەوە. تاقیگەیەک بۆ نەخۆشییەکانی هەنگ تێچووەکەی 24 هەزار دۆلارە، تاقیگەی پشکنینی هەنگوینیش تێچووەکەی نزیکەی 19 هەزار دۆلارە."
 
دوای بەرنامەکە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "رەزامەندی دراوە لەسەر دامەزراندنی تاقیگەی پشکنینی هەنگ و هەنگوین، ئەم تاقیگەیە، جگە لە پاڵپشتی هەنگەوانان، دەبێتە سەرچاوەیەکی باشی داهاتیش." دەشڵێت، "رەزامەندیمان وەرگرتووە، کاتێک گەیشتە وەزارەتی دارایی، کاتی دروستکردنی تاقیگەکە رادەگەیێنین."