دهۆک؛ ئاوی ژێر زەوی لە چەند ساڵی رابردوودا 10 - 30 مەتر دابەزیوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی دهۆک رایدەگەیێنێت، لە چەند ساڵی رابردوودا 10 - 30 مەتر ئاوی ژێر زەوی لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆک دابەزیوە و باس لەوەش دەکات کە داواکاری بۆ لێدانی بیر زیاد بووە.
 
عەبدولمەجید عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی پارێزگای دهۆک بە رادیۆی رووداوی راگەیاندووە، "ئاستی ئاوی ژێر زەویی دهۆک بەگوێرەی ناوچە جیاجیاکان لە چەند ساڵی رابردوودا 10 - 30 مەتر دابەزیوە." ئاماژەی بەوەش دا، تەنیا ساڵی رابردوو لە دهۆک 2.5 مەتر ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە، لە ئاکرێیش نزیکەی چوار مەتر و لە زاخۆیش نزیکەی پێنج مەتر دابەزیوە.
 
بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی پارێزگای دهۆک ئاشکرای کرد، ئەمساڵ زۆر داوای لێدانی بیر کراوە و هەر لەدوای جەژنەوە زیاتر لە 10 داواکارییان بۆ چووە و زۆربەی داواکارییەکانیش بۆ بیری کشتوکاڵین بۆ ئاودێران.
 
بە گوتەی عەبدولمەجید عەبدوڵڵا، "نزیکەی 15%ی خەڵکی دهۆک پشتیان بە ئاوی بیر بەستووە. بەگوێرەی زانیارییەکان 10 بیر وشک بوون و ئاستی ئاوی نزیکەی 400 بیریش دابەزیون." ئەوەیشی خستەڕوو، لە پارێزگای دهۆک وشکەساڵی زیاتر کاریگەریی لەسەر ئاکرێ و رۆڤیا هەبووە.
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێر زەویی پارێزگای دهۆک، لەو پارێزگایەدا زیاتر لە 4000 بیر هەن کە زۆربەیان لە شێخان، ئاکرێ و بەردەڕەشن و زۆرینەیان بۆ ئاودێری بەکاردەهێندرێن.