لە دهۆک پرۆژەی تەلەفریک لەسەر چیای زاوا دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پرۆژەی هێڵی تەلەفریک لە چیای زاوا لە پارێزگای دهۆک دەکرێتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک رایگەیاند، ئەو پرۆژە گرنگییەکی زۆری دەبێت بۆ راکێشانی گەشتیار بۆ شارەکەیان.
ئەمڕۆ یەكشەممە کاژێر 13:00 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی پارێزگاکە لە گەڕەکی شندوخا لە شاری دهۆک پرۆژەکە دەکرێتەوە. د. خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک لەبارەی پرۆژەکەوە دەڵێت، لە ساڵی 2015ـەوە کۆمپانیای یو بی هۆڵدینگ دەستی بە پرۆژەکە کردووە و ئەمڕۆ بەشێکی گرنگی تەواو دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا خەیری عەلی ئاماژەی بەوە دا، بە تەواوبوونی پرۆژەکە هەلی کار بۆ 150 کەس دەرەخسێت، هەروەها دەبێتە هۆکارێکیش بۆ راکێشانی گەشتیاران بۆ پارێزگای دهۆک.
خەیری عەلی دەڵێت، کەرتی گەشتیاری بەشێکی گرنگە، "ئێمە بەردەوام هەوڵدەدەین بۆ گەشەکردنی ئەو کەرتە، چونکە دهۆک هەم لە رووی کەشوهەوا هەم لە رووی سەرچاوەی ئاوی و رووبارەوە گونجاوە بۆ گەشتوگوزار، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ گەشەکردنی گەشتیاری و هێنانی ژمارەیەکی زۆرتری گەشتیار بۆ دهۆک."
پرۆژەی تەلەفریکی لەلایەن کۆمپانیای یو بی هۆڵدینگ دروستدەکرێت، تاوەکو ئێستا تێچووی پرۆژەکە نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار بووە، جگە لە تەلەفریک پارک، چەند رێستورانتێک و شوێنی یاریکردن لەسەر چیای زاوا دروستکراوە.