کوردستان
سامان سەنگاوی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی حاجی تەها قەویلەیی لە سلێمانی. وێنە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
رووداو دیجیتاڵ
سامان سەنگاوی، ئەو مامۆستا ئایینییەی کە بە فەتوا دژەکانی لای زۆربەی مامۆستایانی ئایینی ناسراوبوو، دەڵێت، ئێستا "تەوبەم کردووە و پەشیمان بوومەتەوە لەو هەڵانەی کردوومن".
سامان سەنگاوی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی حاجی تەها قەویلەیی لە سلێمانی، لەبارەی هەندێک فەتوا و هەڵوێستی خۆی لە رابردوودا، ئێستا "تەوبە"ی کردووە و بە رووداوی گوت "پێشتر کۆمەڵێک فەتوام داوە وەکو (حەڵاڵبوونی گۆرانی گوتنی ئافرەتان، نەبوونی سزای نێو گۆڕ، بەسەرچوونی چەند ئایەتێک و دەنگدان بە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو وەکو جیهاد)، ئێستا لە سەرجەمیان پەشیمانم و داوای بەخشینم لە خودای خۆم کردووە و نامەوێت جارێکی دیکە بەو رێگە هەڵەیەدا بڕۆمەوە".
لەبارەی چۆنێتی و هۆکاری تەوبەکردنەکەشی گوتی "ویستم ریفۆرم لە ئایینی ئیسلامدا بکەم، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم. بیرم کردەوە و بەخۆمدا چوومەوە، دیراسەی زیاتری قورئان و فەرموودەم کردەوە و ئەنجامەکەشی پەشیمانیم بوو لە چەند فەتوا و هەڵوێستێکم".
سامان سەنگاوی، پێشتر لایەنگری حیزبێکی سیاسی بووە و دواتریش ماوەی چەند رۆژێک پەیوەندیی بە حیزبێکی دیکەوە کردووە و وەکو خۆی دەڵێت، "تەنیا یەک هەفتە ئەندامی حیزب بووە، دواتر وازیهێناوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد "ئیسلام یەک ناوە، ئەو هەموو حیزب و گرووپە رێگەپێدراو نییە، هەموو گرووپ و حیزبەکان، باش و تووندڕەویان تێدایە، سەرەڕای رەخنەی زۆرم لەسەریان، بەڵام بە برای خۆمیان دەزانم".
سامان سەنگاوی، لە ساڵی 1977 لە ناحیەی سەنگاوی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لەدایکبووە، پەیمانگەی گوتاربێژیی لە سلێمانی خوێندووە و ئێستا پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتی حاجی تەها قەویلەییە لە سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ