لە گوندێکی قەزای شێخان دەمەقاڵێ لەنێوان دوو بنەماڵە دروستدەبێت و کەسێک دەکوژرێت

رووداو - قەزای شێخان

لە گوندی تاق حەرب سەر بە ناحیەی زێلکان، بەھۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی نێوان دوو بنەماڵەی عەرەب، کەسێک کوژرا،  تۆمەتباری سەرەکی و حەوت کەسی دیکە لەسەر ئەو کەیسە دەستبەسەرکران.

سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تۆمەتباری سەرەکی لەگەڵ حەوت کەسی دیکە دەستبەسەرکراون و دراونەتە دادگە، رەوشەکەش لەژێر کۆنترۆڵدایە.

قایمقامی شێخان ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەی نێوان ئەو دوو بنەماڵە بۆ پێش ماوەیەک دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەم ئێوارەیە دەمەقاڵەیەک لەنێوانیاندا دروستبووە و دواتر چەک بەکارھێندرا، بەو هۆیەشەوە کەسێک کوژرا. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ئەو کەسەی کوژراوە ناوی حازم شاکر ئەحمەد سەوادییە و تەمەنی 40 ساڵە.

گوندی تاق حەرب یەکێکە لە گوندەکانی عەشیرەتی حەدیدی عەرەبی، سەر بە ناحیەی زێلکانی قەزای شێخانە.