گالەری

09-05-2020
30 Photos
خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوازی جیاواز هەوڵی بەدەستهێنانی بژێوییان دەدەن. لە نیوەشەودا، کۆمەڵ کۆمەڵ بە گرووپی جیاواز بەڕێدەکەون. بەھۆی بارینی بەفرێکی زۆر، شوفێرەکان ناچارن زنجیر لە تایەی ئوتومبێلەکانیان ببەستن.
 
کاتێک دەگەنە شوێنی مەبەست بەخێرایی خۆیان ئامادە دەکەن و بەرەو رێگەیەکی سەخت و درێژ بەڕێدەکەوەن. ھەموویان لایتیان لە نێوچاویان بەستووە و لە تاریکی شەودا بەڕێدەکەون بۆ سەر شاخ.
 
دەنگی گەلە گورگ لە دوورەوە دێت. هەندێکجار نزیکەی 600 کەس بەیەک گرووپ دەڕۆن. رێگایەکی زۆر باریکە و بەفرێکی زۆریش باریوە. لە هەندێ شوێندا تەنیا چەند سانتیمەترێک بەهەڵە پێدابنێی، لەو شاخە بەرزە دەکەویتە خوارەوە. لەو شوێنەی پێی دەگوترێت قەتڵگا تا ئێستا نزیکەی 100 کەس کەوتوونەتە خوارەوە و گیانیان لەدەستداوە. 
 
کۆڵبەرەکان تەمەنیان لەنێوان 15 ساڵی و هەشتا ساڵیدایە. زۆربەیان خوێندنی زانکۆیان تەواوکردووە بەڵام خراپی ژیان بێکاری ناچاریی کردوون ئەم کارە بکەن. 
 
بەدەم رێگە و لەبەر خۆیانەوە قسەدەکەن. ھەندێکیشیان گۆرانی دەڵێن. کاتێک دەگەنە لووتکەی چیاکە، زۆر ماندوون و ھێزیان نەماوە. بەڕووی ئەودیوی چیاکەدا بە خلیسکان دەڕۆنە خوارەوە. دەگەنە ئەو شوێنەی کۆڵەکانیان تێیدا بۆ ئامادەکراوە. یەک بە یەک کۆڵەکان هەڵدەگرن و دەستدەکەن بە گەڕانەوە بەرەو رۆژهەڵاتی کوردستان. رێگەی گەڕانەوەیان زۆر سەختترە. زۆرجار سەربازانی سووپای ئێران تەقەیان لێدەکەن. 
 
بۆ هەر کیلۆیەک سێزدە هەزار تمەن وەردەگرن کە دەکاتە نزیکەی دۆلارێک. کۆڵەکان لە 25 کیلۆ دەستپێدەکەن تا دەگەنە 75 کیلۆ. 
 
کۆڵەکان بە گەرەنتی دەهێنن. ئەگەر بشکێت یاخود تێکبچێت، دەبێ نرخی تەواوی کۆڵەکە بدەنەوە بە بازرگانەکان. نرخی هەر کۆڵێک دەگاتە نزیکە 1200 دۆلار. 
 
کۆڵبەرەکان نزیکەی دوازدە کاژێریان پێدەچێت تاوەکو دەگەنەوە شوێنی خۆیان. هەندێکیان لەرێگادا دەکەون و ناتوانن بڕۆن. دەبێ ئەوانیدیکە بە ھانایانەوە بڕۆن. هەندێکجاریش کە کەس ناوتوانێ بەهانایانەوە بڕوات ئەوا رووبەڕووی مردن دەبنەوەو گیانی خۆیان دەسپێرن. 
 
بازرگانەکان کۆڵەکان لە کۆڵبەرەکان وەردەگرن. دوای دڵنیابوون لە سەلامەتی بارەکانیان، ئینجا حەقی ماندووبوونیان دەدەن.