رووداو-هەولێر
بەهۆی ناکۆکی لەسەر زەویی کشتوکاڵی لە کۆمەڵگەی چڕەی سەر بە شارۆچکەی قەسرۆک لە سنووری شێخان، ماوەی کاژێرێک شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە دروستبوو، دەنگۆی برینداربوونی چەند کەسێک هەیە بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکان هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوەیان نەدرکاندووە.
دەربارەى زیانەکان، مێهران نێرەویی، بەڕێوەبەرى ناحیەی قەسرۆک رایگەیاند "هێشتا نازانین زیانەکان چەندن، چەند روژێک بوو ئەو دوو بنەماڵەیە لەبەریەکدا بوون و ئێمە بەردەوام لە هەوڵ بووین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان، بەڵام هەردوو لایەن لەگەڵ چارەسەری کێشەکەدا نەبوون، هەرچەندە هەردوو بنەماڵە خزمی یەکدین".
کارزان محەممەد، شایەدحاڵێکی رووداوەکە کە خۆی پەیوەندی بە رووداوەوە کرد دەڵێ "لە شەڕەکەدا چەندین جۆرە چەکی تێدا بەکارهاتووە". لە هەمانکاتدا سەردار یەحیا قایمقامی قەزای شێخان بە رووداوی راگەیاند: "شەڕەکە کونتروڵکراوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان یەک کەس بریندارە".
هەر لەسەرەتای روودانی شەڕەکەوە هاونیشتمانیانی کۆمەڵگەکە پەیوەندییان بە رووداوەوە دەکرد یەکێک لەو هاونیشتمانیانە بەناوی حەسەن محەممەد، دانیشتووی کۆمەڵگەی چڕە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە لە کۆمەڵگەی چڕە روویداوە و داوا لە پۆلیس و لایەنە بەرپرسەکان دەکەین بێن و، رەوشەکە کۆنترۆڵ بکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ