دەزگای گشتی کاروباری مین فڕۆکە بۆ رووپێوی کێڵگە مینەکان بەکار دەهێنێت

09-05-2013
حەمید سەعید عەبدوللا
نیشانەکردن مین دەزگای گشتی کاروباری مین
A+ A-
رووداو- سۆران

رێکخراوێكی نێودەوڵەتی، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان دەبەخشێتە دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسی ئەو دەزگایەش دەڵێت "لەماوەی 2 ساڵی داهاتوودا بارتەقای 20 ساڵی رابردوو کارئاسانیمان بۆ دەکات".

ئەمڕۆ 9/5/2013 لە گوندی شێرۆکیان‌ی سەر بە ناحیەی مەزنێ لە قەزای مێرگەسۆر، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە جۆری (swing led cam) لەلایەن دەزگای گشتی کاروباری مین و بە هاوکاری تیمێکی تەکنیکی پسپۆڕ لە بواری هەڵگرتنەوەی مین تاقیکرایەوە، کە تایبەتە بە رووپێوکردن و وێنەگرتنی ئەو کێڵگە مینانەی تاوەکو ئێستا هەڵنەگیراونەتەوە.
 زۆربەری ئەو رووداوانە بەهۆی چوونی قوربانییەکان بۆ ناوچە کوێستانییەکان و هێنانی گژ و گیای بەهار و دەستکاریکردنی تەقەمەنییەوە بووە

سیراج بارزانی، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەم فڕۆکەیە توانای فڕینی بەسەر 4 ملیۆن مەتری چوارگۆشەدا هەیە و دەتوانێت وێنەی کێڵگەکان بگرێت و بەقوڵی 3 سانتیم ئەو مینانە ئاشکرا بکات، کە لەژێر زەوی ماونەتەوە".

سەنتەری جنێفی نێودەوڵەتی مین لابردنی مرۆیی GICHD، لەسەر ئەرکی خۆی، وەک کارێکی مرۆیی، ئەو فڕۆکەیەی بۆ دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان دابین کردوە.
 
سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین گوتیشی " ئەم فڕۆکەیە دەتوانێت لەماوەی 2 ساڵدا بارتەقای 20 ساڵی رابردووی کارکردن لە کێڵگە مینەکان پڕۆسەی هەڵگرتنەوەی مین خێرا بکات".

ئاکۆ عەزیز، بەڕێوەبەری هۆشیارکردنەوە و راگەیاندن لە دەزگای گشتی کاروباری مین بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەمساڵ لەماوەی چوار مانگی رابردوودا، 22 رووداوی تەقینەوەی مین لە هەرسێ پارێزگای هەرێمی کوردستان روویانداوە، 5 لە پارێزگای هەولێر، 7 لە پارێزگای دهۆک و لە پارێزگای سلێمانیش 10. بەم هۆیەشەوە 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و 16ی دیکەش بریندار بوونە، کە 5 لە برینداران منداڵ بوونە".
 سەنتەری جنێفی نێودەوڵەتی مین لابردنی مرۆیی GICHD، بۆ دەزگای گشتی کاروباری مین دابینی کردوە

ئاکۆ عەزیز گوتیشی" زۆربەری ئەو رووداوانە بەهۆی چوونی قوربانییەکان بۆ ناوچە کوێستانییەکان و هێنانی گژ و گیای بەهار و دەستکاریکردنی تەقەمەنییەوە بووە".

بەپێی ئاماری بەردەستی دەزگای گشتی کاروباری مین، لەهەردوو پارێزگای هەولێر دهۆک 1700 کێڵگەی مینڕێژکراو پاککراونەتەوە و 1007 كێڵگەش ماوەتەوە. زۆربەی ئەو کێڵگانەش، کە ماونەتەوە کەوتوونەتە ناوچە شاخاوییە دوورە دەستەکانی هەرێمی کوردستان.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە