رووداو دیجیتاڵ
لە مانگی رەمەزاندا بەشێکی زۆری خوێندکارانی زانکۆکان لە وانەکان ئامادە نەبوون. زانکۆکان دەڵێن، رێکار بەرامبەر خوێندکارەکان گیراوەتەبەر و لە ئەنجامی ئامادەنەبوونەوە نزیکەی 100 خوێندکار لە بەشێکی زانکۆکان لە بەشێک لە وانەکان بە کەوتوو هەژمار دەکرێن.
رۆژی چوارشەممە 9ی نیسانی 2025 کارزان کازم، بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی یاسا، خوێندکاران تەنیا 10%ی رێژەی نەهاتنیان هەیە. لە وانەیەکەدا کە رێژەیەکەیان تێپەڕاند، بە کەوتوو هەژمار دەکرێن، بەڵام لە هەندێک دۆخدا ئەگەر هۆکارێکی گونجاو هەبوو، ئەو کاتە ئەنجوومەنی زانکۆ دەتوانێت رێژەکە بکاتە 15%."
لەبارەی ئەو خوێندکارانەی بە کەوتوو هەژمار کراون لە تەواوی کۆلێژەکانی زانکۆی سەلاحەدین، کارزان کازم گوتی، "ئەم ساڵ 38 خوێندکار لە بەشێک لە وانەکان بە کەوتوو هەژمار کراون."
لە زانکۆی سەلاحەدین 21 هەزار و 498 قوتابی بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 هەن.
"لە راپەڕین 40 خوێندکار لە بەشێک لە وانەکان بە کەوتوو هەژمار دەکرێن"
لە زانکۆی راپەڕین لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی 40 خوێندکار لە بەشێک لە وانەکان بە کەوتوو هەژمار کراون.
هەژار قادر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆى راپەڕین بە رووداوی راگەیاند: "لە مانگی رەمەزاندا زیاتر لە 80%ـی خوێندکاران دەوامیان نەکرد، بەڵام ئەو 40 خوێندکارە تەنیا بەهۆی رێژەی نەهاتنیان لە مانگی رەمەزاندا نییە، بەڵکو ئەوانەن کە لەسەرەتای دەوامەوە لە وانەکانیان ئامادە نەبوون."
وەک یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆى راپەڕین دەڵێت، خوێندن بە سیستمی بۆڵۆنیایە و بەپێی ئەم سیستەمە، هەر خوێندکارێک رێژەی ئامادەنەبوونی لە وانەیەک 15%ـی تێپەڕبکات، لەو وانەیە بە کەوتوو هەژمار دەکرێت و ئەو 40 خوێندکارەش ئەو رێژەیەیان تێپەڕاندووە.
لە زانکۆی راپەڕین 41 بەش هەن کە زیاتر لە 6 هەزار خوێندکار تێیاندا دەخوێنن.
"لە سلێمانی بەهۆی بایکۆتی خوێندنی زانکۆکان دواکەوت"
د. بەختیار عەبید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە رووداوی گوت: "لەسەرەتای دەوامی زانکۆکان، بەهۆی نەبوونی مووچە و بایکۆتی مامۆستایانەوە خوێندن چەند هەفتەیەک دواکەوت. لەبەر ئەوەی خوێندن لە زانکۆکان سیستمی بۆڵۆنیایە، ئەو دوو هەفتەیەمان وەک نەهاتن هەژمارنەکرد."
بە گوتەی د. بەختیار عەبید، "وەرزی یەکەمی خوێندن تاوەکو 9ـی ئاداری 2025 درێژکرایەوە و هەربۆیە پشووی دوای تاقیکردنەوەکانی وەرزەکە کەوتە نێو مانگی رەمەزانەوە، بۆیە خوێندکاران زۆر بە نەهاتوو هەژمار نەکران. ئێستاش دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن و هیچ کێشەیەکیان نییە."
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەڵێت، "تاوەکو کۆتایی ساڵ ژمارەی کەوتووان بەهۆی ئامادەنەبوون بە تەواوی دەرناکەوێت، بەڵام لێرەش دەیان خوێندکار لە بەشێک لەوانەکان بە کەوتوو هەژمار دەکرێن."
هاوکات د. سوار عەبدولسەلام، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "سیستمی بۆڵۆنیا لە هەموو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت. جگە لەوەش، رێژەی ئامادەنەبوون بە سیستمی ئەلیکترۆنی تۆماردەکرێت. هەر خوێندکارێک نەهاتنی لە 15%ـی تێپەڕێت، بۆ ئەو ساڵە لەو وانەیە بە کەوتوو هەژمار دەکرێت."
وەکو بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک دەڵێت: "لە دەستپێکی خوێندنەوە نزیکەی 10 قوتابی لە بەشێک لە وانەکان بە کەوتوو هەژمار کراون."
لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک بە هەموو بەش و کۆلێژەکانەوە زیاتر لە 8 هەزار قوتابی دەوام دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ