رۆژنامەڤان و چالاکڤانێکی دیاری کورد لە ورمێ دەستبەسەر کرا

رووداو دیجیتاڵ 

رەسوول گەلەبان، رۆژنامەڤان و چالاکڤانێکی دیاری کورد لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کرا.
 
بەپێی سەرچاوەیەکی تایبەت لە ورمێ بۆ رووداو، رۆژی یەکشەممە، 7ـی نیسانی 2024، رەسوول گەلەبان، رۆژنامەڤان و چالاکڤانی دیاری کورد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ورمێ دەستبەسەر کراوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، رەسوول گەلەبان لەسەر سکاڵای داواکاری گشتی و شۆڕشی ورمێ و لەلایەن بەشی چاودێریی ئەلیکترۆنی پۆلیسی ورمێ کە وەکو "پۆلیسی فەتا" دەناسرێت، دەستبەسەر کراوە.
 
تائێستا هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەڤان و چالاکڤانە کوردە و تۆمەتەکانی نەزانراوە، لایەنە فەرمییەکانی دەسەڵاتی دادی شاری ورمێش سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو کەسە، هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەکیان نەداوە.
 
بەپێی هەندێک زانیاریی نافەرمی، رەسوول گەلەبان لەسەر بەشداریکردنی لە رێوڕەسمەکانی جەژنی نەورۆزی ئەم ساڵ لە شاری ورمێ و هەندێک لێدوانی لەو رێوڕەسمانەدا دەستبەسەر کراوە.
 
رەسوول گەلەبان، رۆژنامەڤان و چالاکڤانێکی دیاری شاری ورمێیە، هەروەها خاوەن ئیمتیاز و بەڕێوبەری پێگەی هەواڵی "ئورمیە-24"ـە. ئەم پێگە هەواڵییە لە پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیال میدیا وەکو تەلەگرام، ئینستاگرام، فەیسبووک و ئێکس چاڵاکە و هەواڵ و زانیاری لەبارەی پارێزگای ورمێ و ناوچە کوردنشینەکان بڵاو دەکاتەوە.