وەزیری پەروەردە: لیستی وانەبێژان رەوانەی بەغدا دەکەین

09-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای جەژنی رەمەزان لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەسەر بنەمای بەگرێبەستبوونی سەرجەم وانەبێژان ئاراستەی بەغدا دەکەن. نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژیش دەڵێت، "ئێمە داوای دامەزراندن دەکەین، نەوەک گرێبەست."

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لەسەر فەرمانی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاش جەژنی رەمەزانی پیرۆز، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات کە لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەسەر بنەمای بە گرێبەستبوونی (کۆی وانەبێژان) لە رێگەی حکومەتی هەرێمەوە ئاراستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "داوای تەرخانی دارایی لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت کە هەموو مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان وەک گرێبەستی هەمیشەیی و لەگەڵ هەموو مووچەخۆراندا شایستەی مووچەیان وەربگرن."
 
ئالان حەمە سەعید داوا دەکات هەموو لایەک پشتیوانیی ئەو هەنگاوەیان بکات و دەڵێت، "حکومەت هەوڵی تەواوی خۆی دەدات بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بۆ مامۆستایانی وانەبێژ جێبەجێبکات"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "رۆژی سێشەممە 16ـی نیسانی 2024، وەزارەتی پەروەردە لیستی کۆی مامۆستایانی وانەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات بۆ ئەوەی لە رێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت."
 
عەلی رەئووف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ رۆژی سێشەممە 09-04-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە داوای دامەزراندن دەکەین و چەندین ساڵە خەباتی بۆ دەکەین؛ بۆیە چارەسەری نەهامەتیی وانەبێژان تەنیا دامەزراندن و بە هەمیشەییکردنە نەوەک گرێبەست، چونکە وانەبێژمان هەیە 15 ساڵە وانەبێژە و نیوەی تەمەنی لە وانەبێژییدا تەواو کرد. پرسیارمان ئەوەیە کەی دەکرێین بە هەمیشەیی؟"
 
عەلی رەئووف گوتیشی، "پاش جەژن هەوڵەکانمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق چڕدەکەینەوە بۆ ئەوەی وانەبێژانی کوردستان بە هەمیشەیی بکرێن."
 
بەپێی رێنوێنیی ژمارە 14ـی وەزارەتی دارایی، مامۆستایانی وانەبێژ ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی دیبلۆمن لەنێوان 250-350 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 250-400 هەزار دینار خەرج دەکرێت.
 
لە هەرێمی کوردستان 36 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن، شایستەی مانگانەیان نزیکەی 16 ملیار دینارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە