لە ورمێ و لوڕستان دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

09-04-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگاکانی ورمێ و لوڕستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسیش بریندار بوون.
 
سەردار فەداکار، بەڕێوەبەری رێکخراوی ئاگرکوژینەوەی مهاباد ئەمڕۆ (سێشەممە) رایگەیاند، لەسەر رێگەی نێوان مهاباد - بۆکان و لە نزیک گوندی بورهان، دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری پەیکان و دنا پێکیاندادا و بەو هۆیەوە هاونیشتیمانییەک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بەگوتەی سەردار فەداکار، بریندارانی رووداوەکە و، هەروەها تەرمی ئەو هاونیشتیمانییەی لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا، لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری مهاباد گوازرانەوە.
 
رێگەی سەرەکیی نێوان بۆکان - مهاباد بە جادەی بورهان دەناسرێت، یەکێک لەو رێگەیانەیە کە زیاترین رووداوەکانی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەو رێگەیە روودەدەن.
 
لە رووداوێکی دیکەدا لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکانی خوڕەمئاوا - ئەلێشتەر لە پارێزگای لوڕستان، یەک گیانلەدەستدان و یەک برینداری لێکەوتەوە.
 
محەمەد میرزایی موقەدەم، بەڕێوەبەری رێکخراوی ئاگرکوژینەوەی خوڕەمئاوا ئەمڕۆ رایگەیاند، رووداوەکە لە نزیک گوندی رەبات نەمەکی بووە و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیجۆ 405، خۆی کێشاوەتەوە بە رێگەکە و لە ئەنجامدا هاونیشتیمانییەک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
 
ساڵانە لە رۆژەکانی پشووی نەورۆزدا ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدەدەن و ژمارەیەکی زۆریش بریندار دەبن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 7ی نیسانی 2024، ئەحمەد شیرانی، بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزەوە تائێستا 100 هەزار رووداوی هاتووچۆ لەو وڵاتە روویانداوە و بەهۆیەوە 813 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 هەزار و 441 کەسیش بریندار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە