گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر: لە جەژن دا نرخی سەوزە و میوە بە جێگیری دەمێنێتەوە
هەولێر دیجیتاڵ
رۆژانە نرخی سەوزە و میوە لە عەلوەکانی هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت؛ بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر دەڵێت "نرخی سەوزە و میوە بەراورد بە هەفتەی رابردوو زیادی نەکردووە؛ تەنیا تەماتە 100 دینار گران بووە."
ئەمڕۆ (سێشەممە، 9-4-2024) هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر لەبارەی نرخی سەوزە و میوەوە بە رووداوی رایگەیاند، "بەراورد بە هەفتەی رابردوو، تەنیا تەماتە 100 دینار زیادی کردووە، ئەوەش ئاساییە. نرخی تەماتەی ئاسایی لە 300 تا 600 دینار دەستپێدەکات. بەڵام تەماتەی وشی "هێشوو"، نرخی لە عەلوە 1200 تا 1250 دیناری عێراقییە."
فەرهاد پەشێو، کاسبکارێکی عەلوەی هەولێرە، لەبارەی نرخی سەوزە و میوەوە بە رووداوی گوت، بەراورد بە دوێنێ و پێرێ وەک خۆیەتی.
بە گوتەی بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر، نرخی بەرهەمە خۆماڵییەکان جێگیرە، تەنیا ئەو بەرهەمانە نەبێت کە خۆڕسک و سرووشتین. ئەوانیش هەفتەی یەکەم لە وەرزدا نرخەکانیان گرانن، بۆ نموونە کنگر، بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمترە و خواست لەسەری زیاترە.
نرخی سەوزە و میوە جگە لە نرخی گواستنەوە و قازانجی فرۆشیار، لە عەلوەی هەولێر بەم شێوەیەیە:
تەماتە؛ 250 دینار
خەیار؛ 250 دینار
پیاز؛ 750 دینار
باینجان؛ 800 دینار
کولەکە؛ 900 دینار
پاقلە؛ 500 دینار
گەڵامێو؛ 1400 دینار
پرتەقاڵی میسری؛ 750 دینار
پرتەقاڵی سووری؛ 650 دینار
لیمۆی تورکی؛ 600 دینار
بیبەر؛ 1100 دینار
کارتۆنی مۆز کە 20 کیلۆی تێدایە؛ 19000 دینار