رووداو دیجیتاڵ
بەختیار عەبدولعەزیز، پێشکێشکاری ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو لە سەنگاپور رێزلێنانی بۆ دەکرێت.
رێزلێنانەکە لە بەرامبەر شرۆڤەی دروستی بازاڕە داراییەکان دەدرێتە بەختیار عەبدولعەزیز و، بۆ ئەو مەبەستەش بە فەرمی بانگهێشتی سەنگاپوور کراوە.
رێزلێنانەکە لە لایەن کۆینستۆر، سەکۆی جیهانیی دراوە دیجیتاڵییەکان لە ئیڤێنتێکی تایبەتدا دەبەخشرێتە پێشکێشکارەکەی رووداو.
کۆینستۆر لە بانگهێشتنامە فەرمییەکەیدا دەڵێت، بەختیار عەبدولعەزیز لە بووڵتەنە هەواڵییەکانیدا وەک پێشکێشکار و رووداویش وەکو تۆڕی میدیایی توانیویێتی بە باشترین شێواز شرۆڤە بۆ بازاڕە داراییەکان و بەتایبەتیش دراوە دیجیتاڵییەکان بکات.
کۆینستۆر بڕیارە لە رۆژانی کەمی داهاتوودا لەگەڵ بیدز ئی-ستۆر، کۆمپانیای دراوە دیجیتاڵییەکان و دامەزرێنەری دراوی بیدزکۆین ئیڤێنتێکی تایبەت لە سەنگاپور رێکبخەن و لەمیانی ئیڤێنتەکەدا رێز لە تۆڕی میدیایی رووداو و پێشکێشکارەکەی دەنرێت.
بەختیار عەبدولعەزیز جگە لە بووڵتەنی هەواڵە ئابوورییەکان، پێشکێشکاری بەرنامەی بازرگانیش بووە کە بەپێی دوایین راپرسی کە زیاتر لە 21 هەر کەس تێیدا بەشداربوون، 98٪ـی شیکارییەکانی دروست دەرچوون.
مانگی 12ـی ساڵی 2022ـش، بەختیار عەبدولعەزیز وەکو باشترین پێشکێشکار و شرۆڤەکاری ئابووریی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆنفرانسی دیسێنتراڵ مەیامی لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا خەڵاتکرا.
خەڵاتەکەی ئەمجارەش، وەک هەمان سیفەت بە پێشکێشکارەکەی رووداو دەدرێت.
کۆینستۆر سەکۆیەکی جیهانیی دراوە دیجیتاڵییەکانە و لە ساڵی 2020 لە سەنگاپور دامەزراوە.
رۆژانە تێكڕا بایی نزیکەی 700 ملیۆن دۆلار لە نێو کۆینستۆر مامەڵە بە دراوە دیجیتاڵییەکان دەکرێت و رێژەی سەلامەتی و ئاسایشی مامەڵەکردن لە سەکۆیەکە دەگاتە 81.40٪.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ