رووداو دیجیتاڵ
بابەتی کڕینی شوێن بەرماڵێک لە مزگەوتی بەهەشت دەنگدانەوە و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد دەڵێت، هیچ پەیوەندی بە فرۆشتنی مزگەوتەکەوە نییە و تەنیا خێرکردنە بە مزگەوت.
چوار نوێژخوێن کە لە مزگەوتی بەهەشت لە سلێمانی هەریەکە و چەند شوێن بەرماڵێکیان بۆ خۆیان و خێزانەکەیان بە نرخی 650 دۆلار کڕیوە، قسەیان بۆ کردم، ئەوان بە دڵی خۆیان پارەیان داوە و بە خێرێکی نەبڕاوەی دەبینن.
دڵشاد حەمەڕەحیم یەکێکە لەو نوێژخوێنانە، دەڵێت: وەسڵ لەنێوانمان هەبووە و کاتێک پارەماندا. "من بۆ خۆم و خێزانم کڕیومە و بەشداریم کردووە."
سیروان قادریش نوێژخوێنێکی دیکەیە، ئەویش هەشت شوێنی کڕیوە. دەشڵێت "زۆر مورتاحم پێی."
بەپێی زانیاریی تیمی بەڕێوەبەرانی مزگەوتی بەهەشت، مزگەوتەکە لە سەر رووبەری پێنج هەزار مەتری دووجا دروست دەکرێت و شوێنی 10 هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە. بەپێی خەمڵاندنەکانیان نزیکەی حەوت ملیۆن دۆلاری تێدەچێت بۆ دروستکردنی.
ئەو کەمپەینەی ئێستای دەستەی بەڕێوەبەریی مزگەوتەکە رایانگەیاندووە بۆ ئەوەیە کە پارەیان لێبڕاوە و وەکو خۆیان دەڵێن، جگە لە موسڵمانان، کەسی دیکە شک نابەن هاوکارییان بکات.
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد، پێشنوێژی مزگەوتەکە دەڵێت، ئەوانەی گومان بەرامبەر کاری خێر بڵاودەکەنەوە دووڕوون. "ئەوانەی دەڵێن مزگەوتی بەهەشت موڵکی ئێمەیە و ئێمەش بەشی دەکەین و دەیفرۆشینەوە، هیچ کەسێک شتی وای نەگوتووە و کەسی ئیمانداریش وا تێنەگەیشتووە."
ئەو هەڵمەتەی بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ مزگەوتەکە کراوەتەوە، وەکو د. عەبدولـلەتیف باسی دەکات، "تەنیا خێرکردنە و هیچی دیکە. هیچ شوێنێکیش بۆ کەسێکی دیاریکراو دانەنراوە." هەروەها دەڵێت، "بەشداریی گشتییە و پەلە بکەن شوێنی بەرماڵێک بکڕن."
ئەحمەد قادر، ئەندازیاری راوێژکاری دەڵێت، "مزگەوتەکە زۆر گەورەیە، بەشی پشتەوەی کە خزمەتگوزارییە چوار نهۆمە و بەشی پێشەوەی کە شوێنی نوێژکردنە، سێ نهۆمە."
جگە لەپارەدانی راستەوخۆ لە کەمپینەکە ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری بکەن دەتوانن بەشێوازی قیستی مانگانە بەشداربن و هەر کات پارەیان هەبوو بیدەن چەند جێگەشیان دەوێت بیکڕن.
یەکێکی دیکە لەو رێگەیانەی کە تیمی بەڕێوەبەرانی مزگەوتی بەهەشت دایانناوە، دەخیلەیە. هاووڵاتی دەتوانێت دەخیلەیەک بباتەوە بۆ ماڵەوە و بۆ ماوەی ساڵێک یان زیاتر بەپێی توانای خۆی پارەی تێدا کۆبکاتەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ