چوارشەممەی سوور لە گوندێکی رووها پیرۆز دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی چەندین ساڵ لەمەوبەر کوردانی ئێزدیی دانیشتووی گوندی بیرج لە پارێزگای رووها زێدی خۆیان بەرەو ئەورووپا جێهێشت، ئەم ساڵ دەگەڕێنەوە و چوارشەممەی سوور پیرۆز دەکەن.
 
بیرج گوندێکی کوردانی ئێزدییە سەر بە شارۆچکەی وێرانشار لە پارێزگای رووها. بەشی زۆری خەڵکی ئەو گوندە ساڵانێک لەمەوبەر کۆچیان کرد و لە ئەورووپا دەژین.
 
ئەمساڵ بۆ پیرۆزکردنی جەژنی چوارشەممەی سوور کە دەکەوێتە 17ی نیسان، ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئێزدیی خەڵکی بیرج گەڕاونەتەوە و بەشێکی دیکەشیان لە رۆژانی داهاتوودا دەگەڕێنەوە. 
 
لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چوارشەممەی سوور لە گوندەکە دەکرێت. 
 
جگە لە کوردانی ئێزدیی نیشتەجێی ئەورووپا، بەشێکی زۆر لە کوردانی ئێزدیی گوند و شارۆچکەکانی دەوروبەریش بریاریانداوە رۆژی 17ی نیسان لە گوندی بیرج ئامادە بن. 
 
رێوڕەسمی چوارشەممەی سوور ساڵانە لەلایەن کوردانی ئێزدییەوە پیرۆز دەکرێت. کوردانی ئێزدی ئەو رۆژە بە دەستپێکی رۆژژمێری ئایینیی خۆیان دەزانن. 
 
چەندین چیرۆک لەبارەی جەژنی چوارشەممەی سوور هەیە. لەم جەژنەدا 366 چرا هەڵدەکرێن، ئەوەش بەو هۆیەی ساڵنامەی رۆژهەڵاتی کە ساڵنامەی کوردانی ئێزدییە 366 رۆژە.