لە جەژندا دەروازە سنوورییەکان بە رووی گەشتیاران کراوە دەبن

09-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەبۆنەی جەژنی رەمەزان، رۆژی چوارشەممە چالاکیی بازرگانی لە دەروازەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستانەوە رادەگیرێت و هاتووچۆی گەشتیاران ئاسایی دەبێت، بەڵام جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ تورکیا بەردەوام دەبێت.
 
مەریوان کەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، یەکێک لە دەروازەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە سبەی چوارشەممە، واتە رۆژی یەکەمی جەژن، هاتووچۆی بازرگانی بۆ ماوەی 24 کاژێر لەگەڵ وڵاتی ئێران رادەگیرێت، بەڵام هاتووچۆی گەشتیاری ئاسایی دەبێت."
 
گوتیشی" لە دووەم رۆژی جەژنەوە هەموو هاتووچۆکان بە بازرگانی و گەشتیارییەوە ئاسایی دەبنەوە."
 
پەروێزخان یەکێکی دیکەیە لە دەروازە سنوورییەکان هەرێمی کوردستان و ئێران، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی راگرتنی جووڵەی بازرگانی، بەرپرسانی دەروازەکە روونیان کردووەتەوە "ئاگاداری سەرجەم بازرگان و شۆفێران و نووسینگە و کاسبکارانی نێو حەرمی دەروازەکەمان دەکەینەوە، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز هاتووچۆی بازرگانی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر رادەگیرێت."
 
رۆژی دووشەممە، 8ـی نیسانی 2024، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لیژنەکانی بینینی مانگ نەیانتوانیوە مانگی شەوال ببینن، بەو پێیە رۆژی سێشەممە (9ـی نیسانی 2024) تەواوکاری مانگی رەمەزانە و رۆژی چوارشەممە (10ـی نیسان) یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەبێت.
 
بەپێی زانیارییەکان بەپێی رێککەوتنێکی پێشوەختەی نێوان هەردوولا، هەموو ساڵێک لە رۆژانی یەکەمی جەژنی رەمەزان و قوربان دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران بەرووی جوڵەی بازرگانی دادەخرێن. 
 
سێ دەروازەی فەرمی و نێودەوڵەتیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هەن، ئەوانیش پەروێزخان لە سنووری گەرمیان، حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر و باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی. جگە لەوانە چەند دەروازیەکی نیمچەفەرمیش هەن.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە