هەڤاڵ ئەبوبەکر داوای دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات؛ 'مەگەر بە کەروبار بچین بۆ ئامەد'

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ژووری زێڕنگەرانی ئامەد پارێزگاری سلێمانی بانگهێشتی کۆنفرانسێکی تایبەت بە زێڕنگەران لە ئامەد دەکات. پارێزگاریش لە وەڵامی بانگهێشتەکەدا دەڵێت، پێویستە کێشەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی چارەسەر بێت، ئەگەرنا ناچارن بە "کەروبار" بچن.
 
رۆژی یەکشەممە، 09-04-2023، مێهمێت یوکسەل، سەرۆکی ژووری زێڕنگەرانی ئامەد، هەندرێن وەرتێ، گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر و کۆمەڵەی کاسبکاران و پیشەوەرانی سلێمانی، سەردانی دیوانی پارێزگای سلێمانییان کرد.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، مەبەست لە سەردانەکەی سەرۆکی ژووری زێڕنگەرانی ئامەد ئەوە بووە کە بە یەکەوە لەگەڵ هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان لە دهۆکەوە تاوەکو هەڵەبجە پەیوەندییەکی باشیان هەبێت و بتوانن لە ئاستی بازرگانی و لە بواری خۆیاندا پەرە بەو پیشەیە بدەن.
 
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد لە دیدارەکەدا پێشنیازی ئەوە کراوە سەندیکا و پیشەوەرانی زێڕنگەری هەوڵ بدەن لە شوێنەوار و بابەتە کۆن و دێرینەکانی کوردستان کە کۆنترین شارستانییەتی مرۆڤایەتییە، سوود وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن براندی نوێ لە خشڵی نوێی کوردی لێبدەن و لە جیهاندا بڵاوی بکەنەوە.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری و پشتیوانیی سەندیکای زێڕنگەران و ژووری زێڕنگەرانی ئامەد دەربڕی و گوتی،' 'ئومێد دەکەین ئەم سەردانانە بەردەوام بن بۆ ئەوەی هەموومان بتوانین ئەوەی باشە بۆ وڵات و خەڵکەکەمان بیکەین.''
 
مێهمێت یوکسەل، سەرۆکی ژووری زێڕنگەرانی ئامەد لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا بە فەرمی بانگهێشتی پارێزگاری سلێمانی کرد بۆ ئەوەی لە کۆنفرانس و پێشانگەیەکی تایبەت بە زێڕ کە رۆژی 7ـی مانگی داهاتوو لە ئامەد بەڕێوەدەچێت، بەشدار بێت و گوتیشی، ''هەر زێڕینگەرێک لە کوردستان هەیە بانگهێشتی دەکەین و دەمانەوێت ئەم سەردانانە بەردەوام بن.''
 
پارێزگاری سلێمانی لە وەڵامی بانگهێشتی سەرۆکی ژووری زێڕنگەرانی ئامەد ئاماژەی بە گرفتی داخستنی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی سلێمانی کرد و گوتی، ''ئێوەش دەبێ هەوڵێک بدەن کە دەوڵەتی تورکیای دراوسێمان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بکاتەوە، چونکە ئەگەر ئەم فڕۆکەخانەیە نەکرێتەوە، ناچارین بە کەروبار بێین بۆ کۆنفرانسەکە.''
 
هەندرێن وەرتێ، گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رووی دەمی لە هەڤاڵ ئەبوبەکر کرد و گوتی، ''ئیشاڵڵا مەسەلەی فڕۆکەخانەی سلێمانیش لەگەڵ وڵاتی توکیا چارەسەر دەبێت، بەڵام بە کەروبار نا. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریش هەر هی دکتۆرە [هەڤاڵ ئەبوبەکر] و خەڵکی سلێمانییە".
 
تانژو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هۆکاری بڕیاری داخستنی ئاسمانی ئەو وڵاتە بەسەر گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەگەڕێنێتەوە بۆ "چڕبوونەوەی چالاکییەکانی" پەکەکە لە "سلێمانی، دزەکردنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بۆ نێو فڕۆکەخانە و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان.''