حەوت مانگە بکوژی گەنجێکی کورد لە خانەقین دەستگیر نەکراوە: کوڕەکەم هەموو گیانی خوێن بوو

 
رووداو - خانەقین

بوشرا، حەوت مانگ بەسەر کوشتنی کوڕەکەیدا تێدەپەڕێت، بەڵام وەکو یەکەم رۆژی رووداوی کوشتنی حوسێنی کوڕی دەگری و ئازار دەچێژێت.
 
بوشرا محەممەد، دایکی حوسێن دەڵێت، "کاتێک رۆشتین بۆ نەخۆشخانە، کەسێک نەمابوو لە نەخۆشخانە نەبێت و هاوڕێکانی هەموویان هاتبوون. کوڕەکەم هەموو گیانی خوێن بوو، خستمە باوەشم، چاوێکی کرابووەوە و گوتم، بەڵکو نەمردبێت. خستمە باوەشم و ماچم کرد، جووڵامەوە، بەڵام هیچی نەکرد [و جووڵەی نەبوو]."
 
حوسێن عەلیی تەمەنی 26 ساڵ دانیشتووی خانەقین، شیعە مەزهەبە، شۆفێری بارهەڵگرە و منداڵێکی هەیە، لەسەر دانانی خێوەت بۆ چلەی ئیمام حوسێن لەنزیک ماڵی خۆیان کاژێر 04:00ی بەرەبەیانی 11ی ئابی 2022 کوژراوە. ساتی کوشتنی حوسێن لە کامێرای چاودێریی دراوسێکەیانەوە تۆمار کراوە.
 
لەسەر کوشتنی حوسێن شەش کەس دەستگیر کراون؛ نۆ کەسی دیکەش، کە تۆمەتبارن، تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراون.
 
عەلی حوسێن، باوکی حوسێن دەڵێت، "دەڵێن ئێمە حکومەت لەپشتمانە. دەڵێن، لە زاخۆ تاوەکو کەلار لەپشتمانە. نامەی دەنگیی ئاریان ئیسماعیل کە ناردوویەتی بۆ کوڕەکەم، ئەو رۆژە کوژرا؛ خۆی و هاوڕێ، کوڕی سەرۆک عەشرەت، گوتی: ئەمشەو ناهێڵێن بەسەرتاندا بڕوات."
 
هەرچەندە هەوڵدراوە کێشەکە چارەسەر بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بکوژی راستەوخۆی حوسێن دیاری نەکراوە، لەنێو 15 کەس دیار نییە کێ بکوژە.