دایکی هەشت منداڵ و خێزانی شەهید، گورچیلەکانی لەکارکەوتوون و لە کەمپ دەژی

09-04-2023
عەدنان رەشید
بەرنامەی بەرپرسیار لەبارەی لەکارکەوتنی گورچیلەکانی ژنێک
بەرنامەی بەرپرسیار لەبارەی لەکارکەوتنی گورچیلەکانی ژنێک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئامینە موسا، دایکی هەشت منداڵە و گورچیلەکانی لەکارکەوتوون. دەبێت 16ـی ئەم مانگە نەشتەرگەریی گۆڕینی گورچیلەکانی بکات، بەڵام دەڵێت: توانام نییە 45 ملیۆن دینار بۆ خەرجیی نەشتەرگەرییەکە دابین بکەم. داوا دەکات هاوکاریی بکرێت. پزیشکی ئامینەش دەڵێت: دەبێت نەشتەرگەریی بۆ بکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە 09-04-2023، ئامینە موسا لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: لە 2017ـەوە هاتووچۆی پزیشک دەکەم، ئەوکات گورچیلەیان بۆ شوشتم و گوتیان دەبێت گورچیلەکانت بگۆڕیت، بەڵام توانای دابینکردنی خەرجیی نەشتەرگەرییەکەم نەبوو. مانگی 2ـی ئەمساڵ پزیشک گوتی: گورچیلەکانت چیدیکە بەرگەی شوشتن ناگرن و دەبێت نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە بکەیت.
 
هاوژینی ئامینە پێشمەرگە بووە و لە 2007 لە موسڵ شەهیدبووە. دایکی هەشت منداڵە، خێزانەکەی ئامینە 13 ئەندامن. کوڕە گەورەکەی ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و نیڤشکانە و باوکی چوار منداڵە. کوڕێکی دیکەی ناوی ئەحمەدە کە تاکە کەسە بژێوی ماڵ پەیدا دەکات، ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و تەمەنی 21 ساڵە. دوو کچی ئامینە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە و دوو کچی دیکەی تەمەن 18 و 19 ساڵ لە خوێندن دابڕاون و لەگەڵ دایکیان دەژین. دوو کوڕی دیکەی تەمەن 16 و 17 ساڵ قوتابین و لە گردەسێن دەخوێنن.
 
 
بە گوتەی ئامینە، نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەکانی 45 ملیۆن دیناری تێدەچێت و 16ـی ئەم مانگە وەک رۆژی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەی دەستنیشانکراوە. دەڵێت: توانامان نییە خەرجیی نەشتەرگەرییەکە دابین بکەین، "داوا لە سەرۆکی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەکەم هاوکاریم بکەن." 
 
دکتۆر شاکر سەلیم، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە و چاندنی گورچیلە لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی: "یەکشەممەی داهاتوو لە سەنتەری چاندنی گورچیلە، نەشتەرگەریی بۆ ئامینە موسا دەکرێت و هەموو شتێک ئامادەیە." 
 
سەبارەت بە کاریگەریی دواکەوتنی نەشتەرگەرییەکە لەسەر ئامینە عومەر، دکتۆر شاکر سەلیم دەڵێت، لە 2017 هەستیاریی خوێنی هەبووە، شوشتنی پلازما کراوە، بەخشەری ئامادەکردووە؛ بەڵام خوێنییان لەگەڵی هاوتا نەبووە. "بەڵام ئەگەر نەشتەرگەرییەکە دوابخرێت، ئەگەری سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکە کەمتر دەبێتەوە." 
 
 
دکتۆر شاکر سەلیم دەڵێت: "رێگەی چاندنی گورچیلە باشترە لە شوشتن، شوشتنی بەردەوام هەفتانە سێ رۆژ دەکرێت، هەر رۆژێک کە گورچیلە دەشۆردرێت پێویستە نەخۆش 3 تاوەکو 4 کاژێر بمێنێتەوە، دوای شۆردنیش نەخۆش گێژ دەبێت. هەر نەخۆشێک کە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بۆ دەکرێت، تەندروستیی باشتر دەبێت و لە رووی دەروونی و مادییەوە باشتر دەبێت، هەروەها دەرمانی چارەسەریی لە نەخۆشخانە بێبەرامبەرە هەرچەندە جۆرەکانی دەرمانی نەخۆشانی گورچیلە بە کەمی بەردەستن." 
 
ئەحمەد فاخیر، کوڕی ئامینەیە و تاکە کەسە بە کرێکاری بژێوی خێزانەکەیان دابیندەکات لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی: "دابینکردنی خەرجیی چارەسەری دایکم تاوەکو ئێستا لە رێگەی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی و خێرخوازانەوە کراوە. لە ماڵ تەنیا کەسم کار دەکەم، برا گەورەکەم نیڤشکانە و ناتوانێت کاربکات، دوو برای دیکەم بچووکن و قوتابین. هاوژینیم پێکهێناوە و منداڵم نییە." 
 
ئەحمەد فاخیر، کاری کرێکاری دەکات و رۆژانە دەچێتە دهۆک بۆ دەستکەوتنی کار. وەک باسیدەکات، دایکی 40 رۆژ جارێک دەباتە پزیشک "هەر جارێک نزیکەی 300 هەزار دینار خەرجیی سەردانی پزیشکە، ئۆتۆمبێلم هەبوو فرۆشتم بۆ چارەسەریی پزیشکی دایکم و دابینکردنی خەرجی ماڵ." 
 
 
کوڕی ئامینە موسا دەڵێت، "زۆر پرسیارم لێدەکرێت تۆ کوڕە شەهیدی و چۆن لە کەمپ دەژیت؟ تاوەکو ئێستا هیچ هاوکارییەک نەکراوین، بۆ پێدانی هاوکاری لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ناوی باوکم تۆمارکراوە، بەڵام هەر دەڵێن: چاوەڕێ بکەن، تاوەکو ئێستا نە زەوی، نە خانوو و نە شووقە، هیچمان وەرنەگرتووە. مووچەی شەهیدانەی باوکم 590 هەزار دینارە و مانگانە 300 هەزار دینار بۆ خەرجیی چارەسەریی پزیشکی دەچێت، 13 کەسین لە ماڵ و ژیانمان سەختە."  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.