ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی سەگی بێلانە کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی پڕۆژەکانی داهاتوو پارێزگەکە کۆدەبێتەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاش دەڵێت: "بەدڵنیایەوە لە کۆبوونەوەکە باسی دیاردەی سەگی بێلانە دەکرێت."
رۆژی یەکشەممە 09-04-2023، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی ئەنجوومەنی پارێزگا کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەکە لەبارەی ئەو پڕۆژە و بەرنامانەیە کە بڕیاربووە ساڵی رابردوو لە هەولێر بکرێت بۆ ئەوەی بزانین چی لەو پڕۆژانە کراون."
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر بەشدار دەبێت. عەلی رەشید دەڵێت: "بابەتی لافاو کاری باشی بۆ کرا، ئێستا بەرەو هاوین دەڕۆین بۆیە باس لە پلانی ساڵی داهاتووش دەکەین بەتایبەتی بابەتی گرفتی کەمئاوی بۆ ئەوەی بزانین لەوبارەوە پلانیان چییە."
ئەم مانگە بابەتی سەگی بێلانە بووەتە یەکێک لەو گرفتانەی لە زۆربەی پارێزگا و شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان باس دەکرێت لە نێویاندا پارێزگای هەولێر، بەشێوەیەک تەنیا شەوی پێنجشەممە 6-4-2023، نۆ کەس بڕدرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر کە سەگی بێلانە گەستبوونی.
لەبارەی سەگی بێلانە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی: "ئەوە یەکێک دەبێت لە باسەکان، پارێزگای هەولێر لەوبارەوە پلانیان هەیە و بەدڵنیاییەوە ئەندامانیشمان لە ئەنجوومەن پرسیاریان لەوبارەوە دەبێت بۆ ئەوەی وردەکاری پلانەکە بزانین."