ئەلمۆنیتەر: گومان دەکرێت بەرپرسانی ناڕازی لە شێوازی تووندی بافڵ تاڵەبانی زانیارییان لەبارەی شوێنی مەزڵووم کۆبانێ دابێتە تورکیا

09-04-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت، رۆژی هەینی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بووە، کاتێک ئەو شوێنە کراوەتە ئامانج. ماڵپەڕی هەواڵیی ئەلمۆنیتەر بڵاویکردەوە "گومان دەکرێت بەرپرسانی ناڕازی لە شێوازی تووندی بافڵ تاڵەبانی، زانیاری نهێنییان لەبارەی شوێنی مەزڵووم کۆبانێ دابێتە تورکیا."
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵیی ئەلمۆنیتەر کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، سەبارەت هێرشەکەی رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023 فڕۆکەخانەی سلێمانی قسە دەکات و دەڵێت: "بەڵێ، هێرشەکە نزیک ئەو کاروانەی کردە ئامانج کە ئێمەی بۆ فڕۆکەخانە دەگواستەوە". ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیش کە چەند رۆژێک بوو لە سلێمانی بووە، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی دا بوووەکاتێك هێرشەکە روویداوە. 
 
مەزڵووم عەبدی فەرماندەیی هەسەدە دەکات کە هێزی سەربازیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە و هاوبەشی سەرەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا  لە سووریا بۆ تێكشکاندنی داعش.
 
رۆژی هێرشەکە فلیپ ڤێنتوا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا-پێنتاگۆن سەبارەت ئەو هێرشە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوەی کراوە هێرشی ئاسمانی بووە و لەنێو کاروانەکەیشدا سەربازیی ئەمریکی هەبوون. هەر هەمان رۆژ جۆی بوچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا- سێنتکۆم گوتی "سێ ئەمریکی لەنێو ئەو کاروانەدا بوون کە لە سلێمانی کراونەتە ئامانج و کەسیش بریندار نەبووە."
 
یەکێک لەو پرسیارانەی دوو رۆژە زۆر دەکرێت ئەوەیە کە مەزڵووم عەبدی لە سلێمانی چی کردووە؟ فەرماندەی هەسەدە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و دەڵێت، بۆ کارێکی رۆتینی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی "لە چوارچێوەی پرۆگرامی هاوبەشی رووبەڕووبوونەوەی داعش" چووەتە سلێمانی. 
 
زانیاریدان لەبارەی شوێنی مەزڵووم کۆبانێ
 
لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چووە سلێمانی. رۆژی پێنج شەممە ئیلهام ئەحمەد سەردانی ژنانی تەڤگەری ئازادی کرد و دواتر تارا حوسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەر نووسی: "هەستێکی زۆر خۆشە کە گوزارشت ناکرێت؛ هەڤاڵانمان لە رۆژئاوای کوردستان و خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاوە سەردانیان کردین و دیاری یەپەژەیان پێشکەشکردین بە بۆنەی تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر دامەزراندنی دا". بەڵام تاوەکو ئەنجامدانی هێرشەکە هیچ زانیاریەک لەو بارەوە بڵاونەکرایەوە کە مەزڵووم عەبدی لە سلێمانی بووە. 
 
هەربۆیە هەر زوو ئەو پرسیارە ورووژێنرا کە کێ زانیاری سەبارەت بوونی مەزڵووم عەبدی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی داوەتە لایەنی هێرشکار کە بەرپرسانی عێراقی و هەسەدە تورکیا بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن.
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "کردەی تاوانکاری و بەزاندنی سنووری هەرێم و عێراق بە چاوساغی و رێنیشاندانی لایەن و دەزگایەکی ئەمنی هەواڵگریی ناوخۆیی، حاڵەتێکی نامۆ نییە و مێژوویەکی درێژمان لەگەڵیدا هەیە، بەڵام سلێمانی و مێژووەکەی، سلێمانی و خەڵکەکەی زۆر لەوە گەورەتر و قارەمانترن کە خەیاڵی پووچی لایەنێک ناو و ناوبانگی لەکەدار بکات و ژیانی خەڵکەکەی تێکبدات."
 
بەڵام ئەلمۆنیتەر دەڵێت: "ژمارەیەک سەرچاوەی جێگەی متمانەی هەرێمی کە پەیوەندییان لەگەڵ دژەتیرۆری یەکێتی CTG هەیە قسەیان بۆ ئەلمۆنیتەر کرد و ئاماژەیان بەوە کرد، گومانی ئەوە دەکرێت بەرپرسانی ناڕازی لە شێوازی تووندی بەڕێوەبردنی بافڵ تاڵەبانی زانیاری نهێنیان لەبارەی شوێنی مەزڵووم کۆبانێ دابێتە تورکیا."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە