کامێرامانێکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە چیای پیرەمەگروون هەڵدێرا و گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەڤانێک لەکاتی وێنەگرتن و ئامادەکاردنی بەرنامە، لە چیای پیرەمەگروون هەڵدێرا و گیانی لەدەستدا. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەڵێت، تەرمەکەیان هێناوەتە خوارەوە.
 
لە راگەیێندراوێكدا کەناڵی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، وێنەگرێکیان بەناوی ئەحمەد عەلی، کە ئامادەکاری بەرنامەی "سەرکێشی"ی کەناڵەکە بووە، ئەمڕۆ بە مەبەستی تۆمارکردنی بەرنامەیەک چووەتە سەر چیای پیرەمەگروون و کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.
 
رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای ئاگاداربوونیان لە رووداوەکە، تیمیان چوونەتە شوێنەکە و تەرمی ئەحمەد عەلی-یان گەیاندووەتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی.
 
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی/سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان بەردەوام بۆ خۆپاراستنی رۆژنامەڤانان خولی هۆشیارییان هەبووە، بەڵام زیاتر هۆشیارییەکان بۆ خۆپارێزیی رۆژنامەڤان بووە لەکاتی شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا.
 
ئەحمەد عەلی ساڵی 1978 لەدایکبووە و باوکی دوو منداڵە، لە ساڵی 2016وە وەکو وێنەگر کاری بۆ کەناڵەکەی کردووە.