نەخۆشخانە حکومییەکانی سلێمانی بەدەست کەمیی دەرمانەوە دەناڵێنن و کۆمپانیاکانیش دەرمانیان پێنادەن

 
رووداو – سلێمانی

حەوت ساڵە بەدیعە بەدەست شێرپەنجەی سییەکانەوە دەناڵێت، چووەتە نەخۆشخانەی هیوا تاوەکو دەرزیی پێمبرۆ وەربگرێت، کە پزیشکەکان پێیان گوتووە دەبێت هەفتەی جارێک بەکاریبهێنیت، بەڵام 15 مانگە دەرزییەکە لە نەخۆشخانە حکومییەکان نەماوە و ئەمجارەش پێیان گوتووە، دەبێت ئەو دەرزییە و ژمارەیەکی دیکەی دەرمان لە دەرەوە بکڕن.
 
بەدیعە مارف، تووشبووی شێرپەنجە بە رووداوی گوت، "لەبری ئەوەی چارەسەرەکانمان بدەنێ و بۆمان کامل بکەن، رۆژ لەدوای رۆژ کەمی دەکەنەوە، کەچی ئێستا نەخۆشخانەیەکی ئاوا گەورە چارەسەری تێدا نییە، زۆر بەداخەوە ئێمە ئێستا سواڵی سایەقە دەکەین تاوەکو دەرمانمان پێبگات، نەخۆشخانەیەکی گەورە بە سواڵ ناڕوات بەڕێوە، داواکارم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت ئاوڕێک لەم فەقیر و هەژارە بداتەوە، وام لێهاتووە زۆر جار شەڕی دەروونی لەگەڵ خۆم دەکەم."
 
جگە لە بەدیعە، 200 کەسی دیکە پێویستیان بە هەمان جۆری دەرزییە، بەڵام تەنها بۆ سێ کەسیان دابین کراوە.
 
لە مانگی چواری ساڵی رابردووەوە تائێستا هاوژینەکەی بەدیعە بەهای زیاتر لە 13 هەزار دۆلار دەرمانی بۆ بەدیعەی هاوژینی کڕیوە، بۆیە ناچار بووە ئۆتۆمبێلەکەی و دووکانەکەشی بەهۆی نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەکە بفرۆشێت.
 
کوردۆ عومەر، کەسوکاری نەخۆشی شێرپەنجەیە و بە رووداوی گوت، "هەر دەیکڕم، دەچم سواڵ دەکەم و دەرگا بە دەرگا دەگەڕێم تاوەکو تۆزێک پارەم بە خێر بدەنێت تاوەکو دەرمان بکڕم."
 
بەهۆی خەرجنەکردنی پارە و نەدانی پارەی ئەو دەرمانانەی پێشتر بە حکومەتیان فرۆشتووە، کۆمپانیاکان دەرمان بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان دابین ناکەن.
 
محەممەد نوێنەری ژمارەیەک کۆمپانیای پزیشکییە و دەڵێت، حکومەت سێ ساڵە 30%ی پارەکانی نەداوین، تائێستا 30 ملیار دینار قەرزداری کۆمپانیاکەن.
 
محەممەد لەتیف، نوێنەری کۆمپانیای پزیشکی بە رووداوی گوت، "کەوتووینەتە ژێر رکێفی بڕیارەکانی حکومەتەوە، ئێمە بە پارە دەتوانین کار بکەین، ئەگەر پارەمان پێنەدات حکومەت هەرچەند هاواریش بکەین و بڵێین دەتوانین کار بکەین، ئەوە خۆ هەر ناتوانین کار بکەین."
 
تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، هەموو رێکارە کارگێڕی و یاساییەکانی تەواو کردووە تاوەکو پارە بدرێتە کۆمپانیا پزیشکییەکان، بەڵام هەر کات کۆمپانیاکان دەچنە بانک، پێیان دەگوترێت، وەزارەتی دارایی پارەی نەناردووە.
 
د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "دەبوو پارەی کەرتی تەندروستی، پارەیەکی پارێزراو بێت، کەس دەستی لێنەدات و نەبەسترێتەوە بە نەبوونی بودجە و نەبوونی پارەی نەختینە لە بانکەکان، چونکە ئەوە چارەنووسی تەندروستی و ژیانی خەڵکی لەسەرە، هەروەها ئەو پارەیەی بۆ کەرتی تەندروستی تەرخان کراوە زۆر کەمە."
 
زیاتر لە 100 کۆمپانیای دەرمان و بواری پزیشکی لە سنووری سلێمانی گرێبەستیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکان هەیە، بەڵام بەهۆی دابین نەکردنی پارەوە ئەوانیش دەرمان بۆ نەخۆشخانەکان دابین ناکەن.