مەزڵووم عەبدی : کە تورکیا هێرشیکرد ئێمە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بووین
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت هێرشی تورکیا بۆ سەر ئەوان "شکستی هێناوە" و، باس لەوە دەکات تورکیا چەند ئامانجێکی سەرەکیی لە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەبووە، لەنێویدا "دەیەوێت شکست بە شەڕی دژی داعش بێنێت، بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان سەخڵەت بووە و دەیەوێت ئەم هێرشانە وەکو کارتێک لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەکاربهێنێت".
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 9ـی نیسانی 2023، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا باسی لە وردەکارییەکانی هێرشی درۆنیی رۆژی هەینی بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کرد و گوتی "لەدوای ئەوەی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە شەڕی دژی داعش لە شاری سلێمانی کۆتاییهات، دوای نیوەڕۆ کاتێک دەگەڕاینەوە، ئەو کاروانەی ئێمەی تێدابوو، هاوبەشە ئەمریکییەکانمان و هێزی دژەتیرۆریشی تێدابوو. ئەوکاتە درۆنی چاودرێریی تورکیا هاتنە شوێنەکە، بەڵام هێرشەکەیان بێ ئەنجام بوو و شکستی هێنا".
ئێوارەی رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023، دووکەڵێک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەرزبووەوە، سەرەتا بەرپرسانی فڕۆکەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێکی ئاسایی بووە"، بەڵام دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە.
دوای ئەوە، فلیپ ڤێنتورا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە هێرشەکە گوتی ''پشتڕاستی دەکەینەوە رۆژی هەینی هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی و لەنێو کاروانەکەدا سەربازی ئەمریکی هەبوون".
لای خۆیەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکاش لەبارەی هێرشەکە رایگەیاندبوو سێ هاووڵاتیی ئەمریکی لەگەڵ ئەو کاروانەدا بوون کە کراوەتە ئامانج و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئێوارەی دوێنێش هەسەدە پشتڕاستیکردەوە کە فەرماندەی گشتیی هێزەکانیان لەوکاتەدا لە فڕۆکەخانە بووە و ئەوان هەواڵەکەیان بڵاونەکردووەتەوە تاوەکو بە سەلامەتی گەڕاوەتەوە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
لەبارەی ئامانجی پشت هێرشەکە، فەرماندەی گشتیی هەسەدە چەند خاڵێک باس دەکات، یەکەم "دەوڵەتی تورکیا بەم هێرشانە دەیەوێت ئەم شەڕە هاوبەشە کە ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان دەیکەین، چ هاوبەشە هەرێمییەکانمان، هێزە کوردستانییەکان، دەوڵەتی عێراق بێت، یانیش هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان بێت، دەیەوێت شکست بەم تێکۆشانە بهێنێت. دەوڵەتی تورکیا بەو شەڕەی ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان بەیەکەوە لەدژی داعش دەیکەین، رازی نییە و بۆ ئەوەی گورزی لێ بووەشێنێت و ئاستەنگی بۆ دروستبکات، هەر شتێک لە دەستی بێت، دەیکات".
دووەم ئامانجی تورکیا وەک مەزڵووم عەبدی دەڵێت "تورکیا بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان سەخڵەت بووە. هەر شتێکیش کە لەدەستی بێت، دەیکات بۆ ئەوەی گورز لەم پەیوەندییانە بدات و نەیهێڵێت، بەتایبەتیش بۆ پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان گەلی رۆژئاڤا لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان. هەر لەسەر ئەم بنەمایە، لە شاری سلێمانی کاروانی ئێمەیان بە ئامانج گرت".
0
بەڵام مەزڵووم عەبدی رەتی دەکاتەوە تورکیا هیچ کام لەو ئامانجانەی پێکابێت و، دەڵێت "دەتوانین بڵێین دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی ئەردۆغان بەم هێرشانە ئامانجەکانی نەپێکا" هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "ئەم هێرشە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو و ناڕازیبوونێکی گەورەی لەدژی هەبوو" و، باس لەوە دەکات "جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە ئەم هێرشە ئامانجەکانی ناپێکێت".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەشڵێت ئەمە جاری یەکەم نییە تورکیا ئەوان بە ئامانج دەگرێت و، "دەشزانین کە ئەمە دواجاریش نابێت. بۆیە بە گەلەکەمان و دۆستەکانمان رادەگەیێنین؛ تێکۆشانمان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی رۆژئاڤا-باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رژدتر دەبێت. هەرگیز هێرشی لەمجۆرە نابنە هۆی وەستاندنی ئەم تێکۆشینەمان و هەڵوێستی ئێمە بۆ یەکێتیی گەلی کورد بەشێوەیەکی رژدتر لە پێشتر بەرەوپێشەوە دەچێت".